هەرێمی کوردستان و فلیپین پەرە بە پێوەندییەکانیان دەدەن
ئەمڕۆ 28-3-2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەلمیر کاتۆ هەلسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی فلیپین لە بەغدا کرد. لەم دیدارەدا چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بواری جیاجیادا گفتوگۆیان لە سەر کرا.
هەڵسورێنەری باڵیۆزخانەی فلیپین ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندرۆیی لە ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بە ئەوەدا کە سەقامگیری و ئاسایش تایبەتمەندییەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە و فاکتەرێکە بۆ دووبارە بووژانەوەی هەرێم لە گشت بوارەکاندا.
ناوبراو سوپاسگوزاریی کەلتوری لەخۆبوردەیی و پڕ لە رێزی گەلی کوردستانی کرد بە هۆی ئەو مامەڵە باشەی لەگەڵ هاوڵاتیانی فلیپینی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. ناوبراو ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ هەرێم دەربڕی و ئاواتی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا ئاستی پەیوندیەکان پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرینگیی پێگەی فلیپین کرد وەک وڵاتێک کە خاوەن توانایەکی مرۆڤی بەهێزە و ئاواتی خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بگاتە جێگەی خواستی هەردوولا .
kdp-
