لە کرماشان 369 کەس دەستگیر کران

 لە کرماشان 369 کەس دەستگیر کران
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە خۆجێیەکانی کرماشان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە شاری کرماشان و لەژێر ناوی کۆکردنەوەی گیرۆدەبوان بە مادەهۆشبەرەکان، 369 کەس دەستگیر کراون.

عەلیڕەزا مەرزبانی فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران لەمبارەوە بە ماڵپەڕی (میهر)ی راگەیاندووە: "ئەو کەسانە کە تووشبووی مادە هۆشبەرەکان و کەسانی گەڕۆک بوون و پاش پشووکانی نەورۆز، ئازا دەکرێن".

دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە کاتێک دایە کە پێشتر مستەفا پوورمحەمەدی یەکێک لە بەرپرسانی باڵا و وەزیری پێشووی حکوومەتی ئیران ڕاشکاوانە ڕای گەیاندبوو "هەندێ لە دامودەزگا بەنفووزەکان" لە ترانزیتی مادە هۆشبەرکان لە ئەفغانستانەوە بۆ ئێران دەستیان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، لە ماوەی نزیکەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا و بە بیانووی هەوڵدان بۆ بەڕیوەبردنی بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان 34 هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.









باسنيوز
Top