ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هاوكاری په‌نابه‌رانی عه‌فرین ده‌كات

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هاوكاری په‌نابه‌رانی عه‌فرین ده‌كات
ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری شاری عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان گه‌یشتوونه‌ته‌ باشووری كوردستان.

مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد: "ژماره‌یه‌ك له‌ په‌نابه‌رانی عه‌فرین گه‌یشتوونه‌ته‌، هه‌رێمی كوردستان و رۆژ به ‌رۆژ، ئه‌و ژماره‌یه‌ش به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ و ده‌زگای خێرخوازی بارزانیش ئاماده‌كاری بۆ هاوكاریكردنی په‌نابه‌رانی عه‌فرین كردووه"‌.

مووسا ئەحمەد گوتیشی: "دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ ھەموو لێقەوماوانە، بەتایبەتی خزمەتكردنی ئاوارە و لێقەوماوانی كورد بە ئەرك دەزانین، ئەوە ھاریكاری نییە، بەڵكو ئەركی سەرشانمانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئاماری ئەو ئاوارانەی عەفرین كە ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان وەرگیراوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ خزمەتكردنیان درێغی ناكەین، جگە لەوەی وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی ھاوكاریان دەكەین، دەبینە پردێك لەنێوان ئەوان و رێكخراوەكانی دیكەی نێودەوڵەتی".

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، ئاشكرای كرد: "ھاتنی ئاوارەكانی عەفرین بۆ ھەرێمی كوردستان بەردەوامە، بۆیە لە رۆژانی داھاتوودا ژمارەیان زیاتر دەبێت".

راشیگەیاند: "پێش داگیركردنی عەفرین ھەوڵی زۆرماندا كە ھاوكارییەكانمان بگەیەنینە عەفرین، مەسروور بارزانی، سەرپەرشتیاری دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، كە دەمانەوێت ھاوكارییەكانمان بگەیەنینە لێقەوماوانی عەفرین، بەڵام رێگە دوورە و بەھۆی گەمارۆی سەر شارەكە نەمانتوانی ئەوكات ھاوكارییەكانمان بگەیەنینە عەفرین، ئێستاش ھەموو ھەوڵێك دەدەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ھاوكاریكردنی خەڵكی عەفرین دەیكەین".

رۆژی 18 ئازاری ئەمساڵ، شاری عەفرین لەلایەن سوپای توركیا و چەكدارانی سوپای ئازادی سەر بە ئەنقەرە داگیركرا، بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای توركیا زیاتر لە 300 ھاووڵاتی سڤیلی عەفرین شەھید بوون و زیاتر لە 700 كەسی دیكەش برینداربوون، بە گوێرەی دواینن ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكانیش، زیاتر لە 170 ھەزار كەس لە عەفرین ئاوارەبوونە.





K24 -

Top