داواكاری گشتیی هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر مامۆستاكە هاتە دەنگ

داواكاری گشتیی هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر مامۆستاكە هاتە دەنگ
لێژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتیی هەولێر لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوەی شارەكەی كردووە داوای جووڵاندنی سكاڵا لە بەرامبەر ئەو دوو كەسە دەکات کەلە خۆپیشاندانی شاری هەولێردا هێرشیان کردووەتە سەر مامۆستایەك.



لە نووسراوەكەی لێژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتیی هەولێر، كە بە ژمارە 44 لە 27/3/2018 دەرچووە و ، هاتووە "ئاماژە بە ئەحكامی مادەی 2 لە یاسای داواكاری گشتیی ژمارە 159 ی ساڵی 1979ی هەمواركراو، و لە سۆنگەی پاراستنی مافی گشتی و پیادەكردنی سەروەریی یاسا، بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە، لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی یەكەمی شاری هەولێر لە 25/3/2018، دوو كەس لە پێش پاركی شانەدەر هێرشیان کردە سەر مامۆستایەكی بەتەمەن و لێیان داوە و ئەمكارە بەتاوان هەژمار دەكرێت و بێ ڕێزییە بەرامبەر شكۆی مامۆستا".



لێژنەی تۆماركردنی داواکاری مافی گشتیی هەولێر لە نووسراوەكەدا داوا دەكات " دوای زانینی ناوی سیانییان ڕێكاری یاسایی دەرحەق بەم دوو كەسە بگیرێتە بەر".




باسنیوز
Top