گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریش لەسەر داھاتی بەقاچاخ بردنی نەوتی کەرکووک ئینشیقاقی تێ دەکەوێت

گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریش لەسەر داھاتی بەقاچاخ بردنی نەوتی کەرکووک ئینشیقاقی  تێ دەکەوێت
یەکێتی کۆنگرەکەی، کێشە ناوخۆییەکانی بەنج دەکات، گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریش لەسەر داھاتی بەقاچاخ بردنی نەوتی کەرکووک ئینشیقاقی تێ دەکەوێت. ھەردوو کوڕەکەی (جەلال تاڵەبانی)یش بە پشتگیریی دایکیان لەگەڵ کۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار رێک دەکەون، کە لە داھاتووی یەکێتیدا پێگەی بەھێزیان ھەبێت.



بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی شکستی ھێنا لەوەی بەزۆر وادەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە بە قازانجی خۆی بەسەر باڵی زۆرینەی یەکێتدا بسەپێنێت، ئێستا کۆدەنگییەک دروست بووە لەناوخۆی یەکێتیدا کە کۆنگرە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان دوا بخرێت، چونکە ئەو باڵەی یەکێتی کە زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و سەرکرایەتیی لەگەڵدایە بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت رەسووڵ، پێیان وایە کاریگەریی ھەڵبژاردنی کوردستان زۆر زیاترە لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی عێراق.



بەپێی زانیارییەکان، باڵی زۆرینەی یەکێتی دەیەوێ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، دوای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان کە ئەگەری ئەوە ھەیە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، لەگەڵ کۆتایی وادەی ماوەی درێژکراوەی خولەکانی پەرلەمان، بەدوای ئەوەدا یەکێتی کۆنگرە ببەستێت، تا ئەوکاتەش ھەوڵ بدرێ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بەنج بکرێن، بەڵام کەمینەیەکی ناو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ھاوڕای ئەو رێککەوتنە نوێیەی ناو باڵەکانی یەکێتی نین و دەیانەوێ ئەو ھەوڵانە سەر نەگرن، چونکە پێیان وایە ھەردوو ھەڵبژاردن پێگەی ئەو باڵەی یەکێتی بەھێزتر دەکات، بەوەش ئەوان ناتوانن دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن، وەکوو ئەوەی دەیانەویست تەواوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کەسانی سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراھیم ئەحمەد بن.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو بڕیارەی ئەکتیڤکردنەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوای ئەوە ھاتووە، کە ئاشکرا بووە گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتی ئەجێندایەکیان لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی داڕشتووە، بۆ ئەوەی کۆنگرەیەک ئەنجام بدرێ بەبێ بوونی کۆسرەت رەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتی و مەلابەختیار، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، بەتایبەتی پاڤێڵ تاڵەبانی کە ویستوویەتی یەکێتی کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام دواتر کە بۆی نەکراوە، ئەوە بووەتە ھۆی ئەوەی لێکتێگەیشتنێک دروست بووە لەنێوان خانەوادەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی کۆچکردووی یەکێتی، (ھێرۆ ئیبراھیم و پاڤێڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) لەگەڵ (کۆسرەت ڕەسووڵ و مەلا بەختیار) کە لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، کە ئەوەش شکستی بە ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە ھێناوە کە باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر ویستویانە ئەنجامی بدەن.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ماوەیەکە لەسەر فرۆشتنی بە قاچاخی نەوتی کەرکووک کێشە کەوتووەتە نێوان ئەندامانی گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و ئەو جموجۆڵانەی لاھوور جەنگی بۆ چوونە کەرکووک لە نەورۆز پەیوەندیی بەو کێشانەوە ھەبووە و ترسی ئەوەیان ھەیە دەسەڵاتی ئیدارەی کەرکووک رێگری لەو قاچاخە بکات، کە بەپێی ھەندێ سەرچاوەی زانیاری، رۆژانە دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار پارەکەی، ئەوەش وای کردووە پاڤێڵ تاڵەبانی ترسی لە ئایندەی خۆی ھەبێت، کە بە گوتەی سەرچاوەکە بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر گەورەترین زیانی لە ژیانی سیاسیی خۆی داوە.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، دوای ئەو کێشە ناوخۆییانەی ئەو گرووپە، ھەر یەک لە پاڤێل تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ کۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار لەسەر ئەو چەند خاڵە رێک کەوتوون:-



یەکەم: سنووردارکردنی دەسەڵات و تەریککردنی ھەر یەکە لە شاناز ئیبراھیم و لاھوور و ئاراس جەنگیی برای لەناو یەکێتی.



دووەم، کاراکردنەوەی مەکتەبی سیاسی، وەکوو ناوەندێکی شەرعی، ھەتا بەستنی کۆنگرە و بەتاڵکردنەوەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی، کە ئەو خاڵە جێبەجێ کراوە.



سێیەم: ھاوئاھەنگی کارکردن لەنێوان باڤێڵ و قوباد تاڵەبانی و کۆسرەت رەسووڵ و مەلا بەختیار، بە ئاراستەی رێکخستنی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و لەسەر ئاستی دوورمەوداش بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، بەستنی کۆنگرەیەک کە زامنی ئەوە بێت ھەر یەک لە پاڤێڵ و قوباد تاڵەبانی لەلایەن کۆسرەت رەسووڵ و مەکتەبی سیاسییەوە پشتیوانی بکرێن، بۆ ئەوەی لە کۆنگرەی داھاتوودا لە ترۆپکی ھەڕەمی دەسەڵاتی یەکێتیدا بن، ئەوەش بۆ رازیکردنی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بووە، بەتایبەتی ھێرۆ ئیبراھیم.



چوارەم: ھەوڵدان بۆ ئەوەی رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەوە زیاتر لەسەر یەکێتی نەکەوێت، ئۆباڵەکەی بخرێتە ئەستۆی لاھوور و ئاراس جەنگیی برای.



کە بە گوتەی سەرچاوەی زانیارییەکان، ئەو رێککەوتنە لەلای باڵی دەستڕۆشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر بۆ ئەوە بووە باری لاری خۆیان بە تێکۆشەرەکانی یەکێتی راست بکەنەوە بەتایبەتی بۆ ھەڵبژاردنەکان کە بەپێی راپرسییەکی رێکخستنەکان، یەکێتی بەھۆی رووداوەکانی کەرکووک و خورماتووەوە زۆرترین زیانی گەورەی جەماوەریی بەرکەوتووە.



نەسڕوڵا سوورچی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، لە سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوە یەکلا بووەتەوە کە کۆنگرەی یەکێتی بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: «نێوانی ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان زۆرە و یەکێتی دەتوانێ لەو نێوانەدا کۆنگرە ئەنجام بدات، ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکەوێتە مانگی ١١ و بەوەش یەکێتی دەتوانێ دوای ھەڵبژاردنی عێراق لە مانگی حەوت ئەنجامی بدات».



ھەروەھا حاجی مەسیفی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، یەکێتی بڕیاری داوە کۆنگرە ببەستێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ وادەکەی دیاری نەکردووە کە بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق یان کوردستان، گوتی: «دوا بڕیار بۆ وادەی کۆنگرە سەرکردایەتیی یەکێتی دەیدات، بێ گومان تاوتوێی ئەوە دەکات کە دوای ھەڵبژاردنی عێراق ھەڵبژاردنەکانی کوردستانە، ھەر ھەڵبژاردنێکیش کاریگەریی خۆی ھەیە، گرنگ ئەوەیە پێش ھەڵبژاردنەکان بێت یان دوای ھەڵبژاردنەکان یەکێتی دوا بڕیاری ئەوەیە کۆنگرە ئەنجام دەدات».



ھاوک ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە: ”زەحمەتە یەکێتی لە مانگی چواردا بتوانێت کۆنگرە ببەستێت، بەڵام ئەگەرێکی زۆر ھەیە کە کۆنگرەی یەکێتی بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە“.




باسنیوز
Top