سێكوچكەی كەركووك و سەڵاحەدین و دیالە دەبێتە ڕێگەی نوێی مەرگ

سێكوچكەی كەركووك و سەڵاحەدین و دیالە دەبێتە ڕێگەی نوێی مەرگ
ئەمڕۆ سێشەممە تۆڕی "ئەلحورە"ی ئەمریكی، كە سێ كەناڵی تایبەت بە عێراق و میسر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، راپۆرتێكی لەبارەی ڕێگەی نێوان كەركووك و سەڵاحەدین و دیالە بڵاوكردووەتەوە و بە "ڕێگەی نوێی مەرگ" لە عێراق وەسفی كردووە.


ئەلحورە ئاماژەی بە زنجیرە كوشتار و ڕفاندن و هێرشە تیرۆریستییەكان داوە كە چەند هەفتەیەكە لە نێوان ئەم سێ شارەدا روویان داوە و هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكانی تێدا بوونەتە قوربانی.


بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەرچی حكوومەتی عێراق لەوەتەی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە رزگاركردنی وڵاتەكە و سەركەوتنیان بەسەر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدا راگەیاندووە، بەڵام خۆشحاڵی عێراقییەكان بەم راگەیاندنە كورتی خایاند و دووبارە دێوەزمەی داعش رووی لە هەڵكشان كردووەتەوە.


"ئەلحورە" ئاشكرای كردووە كە زۆربەی هێرش و هەڕەشەكان لە چیای حەمرینەوە سەرچاوە دەگرن، كە سێگۆشەی نێوان هەرسێ پارێزگاكانی كەركووك و سەڵاحەدین و دیالەیە. ئەمەش سەرباری ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەردەوام ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەم ناوچانە ئەنجام دەدەن، بەڵام بێ سوودە.


راپۆرتە ئەمریكیەكە ئاماژەی داوە كە لە كۆتایی ئەم هەڕەشانەدا، ئێستە هاووڵاتییانی عێراق ناویان لە ڕێگەی نێوان كەركووك و بەغدا و ئەم شارانە ناوە ڕێگەی مەرگ، كە بووەتە مۆڵگەیەكی پتەوی داعش.
bas news-
Top