ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دۆخی شنگال دەخاتە بەرباسەوە

 	 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دۆخی شنگال دەخاتە بەرباسەوە
نوێنەرێكی كوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادەڵێ، بە فەرمی داوایان لە ئەنجوومەن كردووە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەبارەی دۆخی شنگال ئەنجام بدات و، بڕیارێك لەبارەی هێزە نایاسایی و بیانییەكان بدات كە بە زووترین كات ئەو شارە جێ بهێڵن.

توركیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشكردنەسەر شنگال دەكات بە بیانووی ئەوەی پەكەكە لەو ناوچەیە هەیە و، پەكەكەیش بڕیاری كشانەوەی داوە لە شارەكە و رێككەوتنێكیشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردووە، كە هێزەكانی یەپەشە كە سەر بە پەكەكەن، بكرێنە هێزێكی فەرمیی عێراق و لە ئێستادا بوونەتە بەشێك لە حەشدی شەعبی، چاودێرانیش پێیان وایە تاوەكوو ئەو هێزەش لە شنگال هەبێت، مەترسیی هێرشكردنەسەر شنگال لەلایەن توركیاوە هەیە.

بەرەكات شەمۆ، نوێنەری كوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێزەكانی یەپەشە و ئاساییشی ئێزیدخان، مووچە لە عێراق وەردەگرن و سەر بە پەكەكەن، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەیشەوە حكوومەتی توركیا باسی لەوە كردووە كە رێككەوتنیان لەگەڵ عێراق هەیە بۆ ئەوەی لە پەكەكە بدەن لە شنگال، بۆیە هەمووی بۆ ئەوەیە كە خەڵكی شنگال جارێكی دیكە ببنەوە قوربانی، لە كاتێكدا هێشتا برینەكانیانی شەڕی داعش ساڕێژ نەبوون و ئێستایش خەڵك لە مەترسیی بەردەوامدان و زۆریش دەترسن".
شەمۆ گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەو دۆخە چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە، بە فەرمی داوای دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵمان كردووە، چونكە لە ڕووی ئیدارییەوە تا ئێستا شنگال سەر بە پارێزگای مووسڵە، بۆیە لەو دانیشتنەدا كە ئەنجام دەدرێت، پێویستە بڕیارێك بدرێت بۆ ئەوەی هەرچی هێزی بیانی و نایاسایی هەیە لە ناوچەكە دەربكرێن، چونكە ناكرێت شنگال ببێتە شوێنی ململانێی سیاسی".

ئەو نوێنەرەی كوردانی ئێزدی، ئاماژەیشی دا کە دۆخی خەڵكی شنگال زۆر خراپە، ئیدارە نییە، هاوكاری ناگاتە خەڵكی شنگال و لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، بۆیە ناكرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە چارەیەك بۆ دۆخەكە بدۆزرێتەوە.
ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە، چەندین گرووپی چەكداری هەن و هەر یەكە و بۆ خۆی كار دەكات، لەبەر ئەوە ناكرێت ئەنجوومەن خۆی بێدەنگ بكات، چونكە ئەو هێزانەی لەوێن، "ناشەرعی و نایاسایین."

ئەندام ئەنجوومەنەکەی نەینەوا، وەک ڕێچارە بە پێویستی دەزاێ حكوومەتی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ بکەن و لەبارەی پێکهێنانی هێزی هاوبەش لەو ناوچانە ڕێکبکەون، "هێزی فەرمی و شەرعی بن وەكوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق."
kdp-
Top