سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بڕیاری حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوت بە باش ناو دەبات

سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بڕیاری حكوومەت بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوت بە باش ناو دەبات
گوتەبێژی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، بە باش ناو دەبات و دەشڵێ، سەندیكاكانی تەندروستی بە هاوكاریی وەزارەتی تەندروستی، پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە لەبارەی پاشەكەوتی مووچەوە و پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەن.

لە ‌دوو رۆژی رابردوودا، ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز لە ‌هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و، تێیدا بڕیاری ئەوە درا بەپێی ئەو داهاتەی لە ‌بەردەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت و بەپێی داهاتەكە رێژەی پاشەكەوت كەم دەكرێتەوە. ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەت كۆ دەبێتەوە و ‌بابەتی پاشەكەوتی مووچە تاووتو دەكرێ.

گوتەبێژی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، هادی فەریق، بە ‌ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵوێستی ئێمە لەبارەی ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەوەیە كە پێمان وایە ئەمە هەنگاوێكی ئیجابییە و هیوادارین بە كرداریش جێبەجێ بكرێت، چونكە نەك تەنیا ئێمە،‌ بەڵكوو ئەمە داواكاریی هەموو سەندیكاكانی تەندروستییە."

هادی فەریق گوتیشی، سەندیكاكان بە ‌هاوكاریی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە لەبارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانەوە و، چەند پێشنیازێكیان خستووەتە بەردەم حكوومەت، كە وەك ئەو دەڵێ "گرینگترینیان داوامان كردووە پاشكەوت نەمێنێت، یاخود ئەگەر بشمینێت بە رێژەیەكی كەم بێت. بڕیاریشە پڕۆژەكە پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت."


kdp-
Top