کرمانج عەبدوڵڵا: مەترسی ھەیە داعش دزە بکاتە نێو مەخموور
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گرووپی تیرۆریستیی داعش دوای کشانەوەی پێشمەرگە و داگیرکاریی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان گەڕاوەتەوە سنووری دەڤەری قەراج و ئێستا چەکدارانی داعش چالاکیی زۆریان ھەیە لە سنووری قەزای مەخموور، چونکە ئەو سنوورەی دەکەوێتە نێوان ناحیەی قەراج و ناحیەی شەرگاتی سەر بە نەینەوا شوێنی حەوانەوەی داعشەکانە، بەڵام لە چیای قەرەچۆخ داعش نەماوە، چونکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەدایە و داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی پێشمەرگە دەیانپارێزێت."
ناحیەی قەراج سەر بە قەزای مەخموورە و یەکێک لەو ناوچە کوردستانییانەیە لە لایەن بەغداوە داگیر کراوە، لە سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ھێزی پێشمەرگە چەندین گورزی لە چەکدارانی داعش دا و ببووە قەلای بەرگری لە خاکی کوردستان.
لەبارەی مەترسیی داعش بۆ سەر سەنتەری قەزای مەخموور بەرپرسی لقی مەخموور گوتی: "داعش ھەرکاتێک بیەوێ دەتوانێ دزە بکاتە نێو قەزای مەخموور، لەبەر ئەوەی پێشتر سەنگەری پێشمەرگە بەربەستێکی تۆکمە بو داعش نەیدەتوانی دزە بکات، بەڵام ئێستا ئەو بەربەستە نەماوە و چەکدارانی داعش دەتوانن بە ئاسانی چالاکی بکەن، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ھەر لە قەزای دوبزەوە تا قەراج و دەچێتە دیوی سنووری مووسڵ بەئاشکرا داعش دەبینرێن و ھێزیان ھەیە."
کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش لە سنووری مەخموور ناوە ناوە ھێرشی سەر ھێزە عێراقییەکان و ملیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات و ھێزە عێراقییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان نییە، دەتوانم بڵێم عێراق ئەو ھێزەی نییە داعش لەو سنوورە بنبڕ بکات."
kdp-
