راگەیێندراوی ترەمپ و ماکرۆن: پشتیوانی زیاتری تورکیا دەکەین لە سووریا
کۆشکی سپی نێوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای بڵاوکردەوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە قسەیانکردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، "سەرۆک ترەمپ جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ تورکیا لەبارەی تەحەدییە هاوبەشە ستراتیژییەکان لە سووریا".
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هەردوو سەرۆک پشتیوانی لە کاردانەوەی بەهێزی وڵاتانی رۆژئاوا بە دەرکردنی دیپلۆماتکارە رووسەکان لە وڵاتەکانیان دەکەن، دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیای رووسی لە سالیسبۆری بەریتانیا دەکەن کە تێیدا سیخوڕێکی پێشووی بەریتانی و کچەکەی لە خاکی بەریتانیا کرانە ئامانج، وڵاتانی رۆژئاواش مۆسکۆ بەو کارە تۆمەتبار دەکەن.
ترەمپ و ماکرۆن باسیان لە پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاش کردووە. هەروەها تاوتوێی هەنگاوی داهاتوویان بۆ وەڵامدانەوەی مامەڵە بازرگانییە ناهاوسەنگەکانی چین کردووە.
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ترەمپ و ماکرۆن هاوکات بوو لەگەڵ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پووتین و ئەردۆغان، کە تێیدا تاوتوێی کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە و تاران-یان کردووە، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئەنقەرە ئەنجامبدرێت.
کۆشکی کریملین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیاندا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی لووتکەی نێوان مۆسکۆ، تاران و ئەنقەرەیان کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی کریملین، پووتین و ئەردۆغان جەختیان لەبوونی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان ئەنقەرە و مۆسکۆدا کردووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن قسەیانکرد و پێشوازییان لە بڕیاری وڵاتانی رۆژئاوا و ناتۆ بۆ دەرکردنی ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە رووسەکان کردووە، ئەوەش وەک هاوسۆزییەک بۆ بەریتانیا لەسەر کەیسی ژەهراوییکردنی سیخوڕەکەی پێشووی بەریتانیا.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ترەمپ و مێرکڵ باسیان لە کێشەکانی کۆریای باکوور کردووە. هەروەها تاوتوێی رووبەڕووبوونەوەی چین-یان کردووە بەهۆی ئەو رەفتارە ئابوورییە نادادپەروەریانەی کە جێبەجێیاندەکات.
rudaw -
