سەفین دزەیی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو

 سەفین دزەیی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەر بڕیارێک لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە بدرێ بەدڵنیاییەوە لەبەرژەوەندی مووچە خۆران دەبێت.


دوای ئەوەی لە هەندێک لە میدیاکانەوە باسی ئەوە کرا، کە گوایە فەرمانبەری مەدەنی ١٥ تا ١٨٪ی مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت، هەروەها کارمەندانی سەربازیش ١٨ تا ٢٠٪ی مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێ، لەو بارەیەوە سەفین دزەی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”سبەی چوارشەممە 28\3\2018، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێ و دوابڕیار دەدرێت، ئەوانی دیکە هەمووی قسەیە، گوێ مەدەنە هەندێ قسە و قسەڵۆک کە هەندێ ڕاگەیاندن دروستی دەکات“.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە روو: ”ئەوەی دەتوانم بە فەرمی بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە تا ئێستا کۆبوونەوەیەکی چڕوپڕمان کرد هەروەها چەندین بیروڕاو پرۆژە باس کران، هەروەها لەبارەی دەستکاری ڕێژەی مووچەوە پێشنیاری باش هەیە و لە کۆبوونەوەی سبەیدا دەخرێتە بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”بەدڵنیاییەوە هەر دەستکارییەک بکرێت، ئەوا لە بەرژەوەندی مووچەخۆراندا دەبێت، هەروەها لەسەر بنەمای ئەو داهاتەی کە لە بەردەستی داراییدایە، ئەو گۆڕانکارییە دەکرێت“












باسنیوز
Top