زانیاری لەسەر چۆنیەتیی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشکرا دەبێ
بەپێی دیراسەتەکە، بەگوێرەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی دەکات، لەگەڵ داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ، رێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کەم دەکرێتەوە و وەکوو ئێستا نامێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کەمترین رێژەی پاشەکەوت ١٠% دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک مووچەکەی ٥٠٠ ھەزار دینار بێت، ٥٠ ھەزار دیناری لێ دەبڕدرێت و زۆرترین رێژەی پاشەکەوتیش دەبێتە ٣٠%.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی بڕیاری پاشەکەوت کە لە شوباتی ٢٠١٦ جێبەجێ دەکرێت زۆرترین رێژەی پاشەکەوت تاوەکوو ٧٠%یە.
(باس) ئەوەی زانیوە، پێشنیار کراوە کەمترین مووچەی فەرمانبەران ٥٠٠ ھەزار دینار بێت و ئەوانەشی زۆرترین پاشەکەوتیان لێ کراوە مووچەکانیان بە رێژەی زۆر زیاد بکرێت.
لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی کوردستان کە لە ١٨ی ٣ی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە، ھاتووە: «لە کاتێکدا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکوومەتی عێراق بڕی ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ ھەزار دینار بۆ شایستەی دارایی گشت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە، بە مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگەیشەوە خەرج کردووە“.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بەو بڕە پارەیەی کە بەغدا دەینێرێ، ھەروەھا بە داھاتی ناوخۆ و داھاتی نەوت لیستی مووچە رێک بخرێتەوە. ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ باشترکردنی بژێویی ھاووڵاتییان و مووچەخۆران“.
د.نووری عوسمان، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی ھاوئاھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران بە (باس)ی راگەیاند، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بکات، گوتی: ”وەزارەتی دارایی خەریکی دیراسەتێکە بۆ پرسی پێداچوونەوەی مووچە بەگوێرەی ئەو داھاتەی لە دەستی حکوومەتدایە، نازانم ئەو دیراسەتە تەواو بووە یاخود نا“.
روونی کردەوە، بەپێی بارودۆخی دارایی و دۆخی سیاسی پێداچووونەوە بە مووچەدا دەکرێت.
سەبارەت بە کەمترین رێژەی پاشەکەوت ١٠% بێت و زۆرترینی ٣٠% بێت، ئەو بەرپرسەی حکوومەت گوتی: ”تاوەکوو ئێستا ئەو رێژانەی پاشەکەوت یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەوەی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەراندا بێت حکوومەت بڕیاری لەبارەوە دەدات“.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، سیستەمی ئێستای پاشەکەوتەوە مانگانە ھەرێمی کوردستان بۆ مووچە پێویستی بە ٥٩٠ ملیار دینارە.
لە لای خۆیەوە د. رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی گوت: ”لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت گفتوگۆی کردووە، ئەوان دووپاتیان کردووەتەوە بەم نزیکانە پێداچوونەوە بە رێژەی پاشەکەوتی مووچەدا دەکرێت“.
بەھۆی ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک بووەوە لە ٢٠ دۆلار، بۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کورستان رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦ بڕیاری لە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران دا، کە پاشەکەوتکردنەکە لە ١٥% دەست پێ دەکات تاوەکوو ٧٥%.
مەدینە ئەیوب شرنەخی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە بەرپرسانی حکوومەتیان زانیوە بەم نزیکانە حکوومەت پێداچوونەوە بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا دەکات، گوتی: ”بۆ پرسی پێداچوونەوەی مووچە ئێمە وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەگەر لەلایەن حکوومەت ئاگادار بکرێینەوە، ئەوا بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین، بۆ ئەوەی پێکەوە بڕیارێک بدەین، بە جۆرێک لەگەڵ ئەوەداین کەمترین پاشەکەوت لە مووچەدا بکرێت و دواتریش پاشەکەوت نەمێنێت“وا بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا وەزارەتی دارایی ئەو خشتەیە ئاشکرا بکات کە چۆنیەتی دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچەی تێدایە..
باسنیوز
