نووسینگەی عەبادی لێدوانێکی ئەردۆغان لەبارەی پەکەکە رەت دەکاتەوە

 نووسینگەی عەبادی لێدوانێکی ئەردۆغان لەبارەی پەکەکە رەت دەکاتەوە
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێدوانێکی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رەت دەکاتەوە.



بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران عێراق، کە رۆژی سێشەممە 27/3/2018 بڵاو کراوەتەوە، عەبادی و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە.



لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە بیناڵی یڵدرم کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بە هەنگاوی ئەرێنی داناوە.



سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە پەیوەندییەکەدا، رەتی کردووەتەوە ئەوان گوتبێتیان هیچ رێککەوتنێکی عێراقی و تورکی لە دژی پەکەکە لە شنگال واژۆ کرابێت و رایگەیاندووە، ”میدیاکان بەبێ وردبینی هەواڵەکەیان گواستووەتەوە، ئێمە نەمانگوتوووە لەگەڵ عێراق رێککەوتووین و بەبێ رەزامەندیی عێراقیش هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەسەر خاکی عێراق، ئەنجام نادەین“.



پێشتر چەندین جار بەرپرسانی تورکیا بە تایبەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایانگەیاندبوو، کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتوون و سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکە لە شنگال و قەندیل ئەنجام دەدات.





باسنیوز
Top