ئاساییشی هەولێر: هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە.. خەڵكانێك ویستیان ئاژاوە دروست بكهن
لیوا تاریق نووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاساییشی هەولێر بە هیچ شێوەیەك ئەشكەنجەی هیچ كەسێكی نەداوە و، ئێمە كارمان ئەوەیە خەڵك بە ئارامی بژیت و ئەمن و ئاساییش لە شار هەبێت، بۆیە ئەو تۆمەتەی بۆ ئێمە دروست كراوە، هیچ بنەمایەكی نییە و ناحەزانن و دەیانەوێت شارەكانی دیكەیان چی لێ كرد، هەولێریش وا لێ بكەن، گەر نا ئێمە وەكوو ئاساییش سەرقاڵی ئەركی خۆمانین بۆ ئەوەی خەڵك بە ئارامی بژیت".
بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر گوتیشی: "ئەركی ئێمە ئەوەیە هەر شتێك پێچەوانەی یاسا بێت، رێگریی لێ بكەین، بۆیە ئەوانەی بە ناوی مامۆستایانەوە خۆپێشاندان دەكەن، ئەوانە مامۆستا نین و چەند حیزبێكن وەكوو نەوەی نوێ و هەندێكی دیكە، كە بۆ مەرامی حیزبی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان ئەو كارە دەكەن و، هێشتا ماوە كاتی پڕوپاگەندە بێت، ئەوان دەستیان پێ كردووە و دەیانەوێت سوود لە مامۆستایان وەربگرن و ئاژاوە بە ناوی مامۆستاوە دروست بكەن، ئێمەیش رێگرییان لێ دەكەین".
لیوا تاریق هەروەها راشیگەیاند: "دوێنێ چەندین كەسمان بینی بە ناوی مامۆستا لە كەناڵەكانەوە قسەیان دەكرد كە هیچیان مامۆستا نەبوون و، پەرلەمانتار مانگانە 30ملیۆن دینار وەردەگرێت لەوێ بوو، لە كاتێكدا ئەو نێردراوە بۆ پەرلەمان وەكوو نوێنەر نەك بێت لێرەیش خۆی بكاتە نوێنەری خەڵك و خۆپێشاندان بكات، بۆیە ئەمانە خۆپێشاندان بە لارێدا دەبەن و زیان بە داواكاریی خەڵكی دەگەیێنن".
ئەو هەروەها دەشڵێت، چەندین پەرلەمانتار لەوێ بوون و هەموویان بۆ مەرامی حیزبی و بەرژەوەندیی خۆیان هاتبوون، چونكە ئیشی پەرلەمانتار دەركردنی یاسایە لە پەرلەمان، نەك بێتە سەر جادە، چونكە خەڵك خۆی هاتووە بۆ سەر جادە.
ڕوونیشی كردەوە: "لە خۆپێشاندانەكەی دوێنێدا، هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە و، هەندێك هەوڵ درا بۆ ئەوەی گێرەشێوێنی دروست ببێت، بەڵام هەر زوو رێگریمان لێ كردن و رێگەمان نەدا ئاژاوە دروست ببێت".
kdp-
