بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: چەند حزبێک بەناوی مامۆستاوە خۆپیشاندان دەکەن

 بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر: چەند حزبێک بەناوی مامۆستاوە خۆپیشاندان دەکەن
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕای گەیاند، چەند حزبێک بەناوی مامۆستاوە خۆپیشاندان دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی لەنێو خۆپیشاندانەکاندا بوون، ”بۆ مەرامی حزبەکانیان لەوێ بوون“.

لیوا تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئاساییشی ھەولێر بە ھیچ شێوەیەک ئەشکەنجەی ھیچ کەسێکی نەداوە و، ئێمە کارمان ئەوەیە خەڵک بە ئارامی بژیت و ئەمن و ئاساییش لە شار ھەبێت، بۆیە ئەو تۆمەتەی بۆ ئێمە دروست کراوە، ھیچ بنەمایەکی نییە و ناحەزانن و دەیانەوێت شارەکانی دیکەیان چی لێ کرد، ھەولێریش وا لێ بکەن، گەر نا ئێمە وەکوو ئاساییش سەرقاڵی ئەرکی خۆمانین بۆ ئەوەی خەڵک بە ئارامی بژیت".

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئەرکی ئەوان ئەوەیە، ھەر شتێک پێچەوانەی یاسا بێت، رێگریی لێ بکەن، بۆیە ”ئەوانەی بە ناوی مامۆستایانەوە خۆپێشاندان دەکەن، ئەوانە مامۆستا نین و چەند حزبێکن وەکوو نەوەی نوێ و ھەندێکی دیکە، کە بۆ مەرامی حزبی و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان ئەو کارە دەکەن و ھێشتا ماوە کاتی پڕوپاگەندە بێت، ئەوان دەستیان پێ کردووە و دەیانەوێت سوود لە مامۆستایان وەربگرن و ئاژاوە بە ناوی مامۆستاوە دروست بکەن، ئێمەیش رێگرییان لێ دەکەین".

تاریق نووری ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دوێنێ چەندین کەسیان بینیوە، بە ناوی مامۆستا لە کەناڵەکانەوە قسەیان کردووە کە ھیچیان مامۆستا نەبوون. گوتیشی: ”پەرلەمانتار مانگانە ٣٠ ملیۆن دینار وەردەگرێت، لەوێ بوو، لە کاتێکدا ئەو نێردراوە بۆ پەرلەمان وەکوو نوێنەر نەک بێت، لێرەش خۆی بکاتە نوێنەری خەڵک و خۆپێشاندان بکات، بۆیە ئەمانە خۆپێشاندان بە لارێدا دەبەن و زیان بە داواکاریی خەڵکی دەگەیێنن".

ئەو ھەروەھا دەشڵێت، چەندین پەرلەمانتار لەوێ بوون و ھەموویان بۆ مەرامی حزبی و بەرژەوەندیی خۆیان ھاتبوون، چونکە ئیشی پەرلەمانتار دەرکردنی یاسایە لە پەرلەمان، نەک بێتە سەر جادە، چونکە خەڵک خۆی ھاتووە بۆ سەر جادە.

ڕوونیشی کردەوە: "لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێدا، ھیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و، ھەندێک ھەوڵ درا بۆ ئەوەی گێرەشێوێنی دروست ببێت، بەڵام ھەر زوو رێگریمان لێ کردن و رێگەمان نەدا ئاژاوە دروست ببێت".








باسنيوز
Top