نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بازگە نایاساییەكان بڕیارێك دەدات
وەك لە بڕیارەكە ھاتووە: "نابێت ھیچ كەس و لایەنێك و لەژێر ھیچ ناو و بیانوویەك بازگە دابنێت، یان ھیچ بڕە پارەیەك بە نایاسایی لە ھاووڵاتیان وەربگیرێت، جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەت و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاسا و لەژێر پەیڕەوەی رێنماییەكان بەكارەكان وەریدەگرن، دواتریش داھاتیان بەپێی پسوولەی فەرمی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی".
لە خاڵێكی دیكەی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "لەكاتی سەرپێچیكردنی ھاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار رەووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە و راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت، بۆ لێپرسینەوە و سزادان، بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی ھەر بڕە پارەیەك كە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەردەگرێت".
ھەروەھا ئەوەش خراوەتەروو: "پێویستە لەسەر ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كاتی ھەبوونی ھەر سەرپێچیەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە، ھیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەنەوە و بەڵگەی پێویستیان بخەنە بەردەست".
لە خاڵێكی دیكە بڕیارەكە دەڵێت: "وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەكانی ئاسایش بە ھەماھەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكەن".
K24 -
