لە سلێمانی خۆپێشاندانێك لە دژی شاسوار عەبدولواحید ئەنجام درا
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێکی زۆر لە خاوەن پشكەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند، لەبەردەم ئیدارەی چاڤیلاند خۆپێشاندانێکی ناڕەزاییان ئەنجام دا. پارێزەی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاندیش ڕیگەیاند شاسوار عەبدولواحید پارەی 10 ھەزار خێزانی خواردووە و پێویستە دەستگیر بکرێت.
دانا محەمەد پارێزەری خاوەن پشەکانی چاڤیلاند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ماوەی چەند مانگێکە شاسوار عەبدولواحید پشكەکانی چاڤیلاندی فرۆشتووە بە کۆمپانیایەکی وەھمی، بەبێ ئەوەی ئێمە بزانین ئەو کۆمپانیایە کێیە و پێگەی لە کوێیە، لە کاتێدا ئەو ستافەی ئێستە چاڤیلاند بەڕێوەدەبات، ھەمان ئەو ستافەیە کە پێشتر شاسوار عەبدولواحید دایمەزراندوون.
هەروەها گوتی "گومانی ئەوەمان ھەیە شاسوار عەبدولواحید، وەکو چۆن فێڵ و ساختەچیەتی لەگەڵدا کردووین، ئێستەش دەیەوێ بەفێڵ و ساختەچیەتی بڵێ کۆمپانیا و پشکەکانی فرۆشتووە، بۆ ئەوەی خۆی لە خاوەن پشکەکان بدزێتەوە".
پارێزەرەكە ئاماژەشی بەوە دا كە ماوەی پێنج ساڵ زیاترە ئەوانی خاوەن پشکەکان بە بڕە پارەیەکی زۆر پشکیان لەو پڕۆژەیەدا کڕیوە، بەڵام ھیچ سوودێکیان لە داھاتی پڕۆژەکەدا نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو پڕۆژەیە قازانجێکی زۆری ھەیە.
ئاماژەی بەوەش دا كە شاسوار عەبدولواحید ھەمیشە فێڵی لە خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند کردووە و دەستی ھەزاران ھاووڵاتی بڕیوە، ھەروەھا بەپارەی ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە چەند کەناڵێکی ئاسمانی و حزبێکی سیاسی دروست کردووە، بۆیە ئێمە قبووڵی ناکەین، بەھیچ شێوەیەک پارەکانمان بخورێت، بێگومان بۆ ئایندە ھەڵوێستی توندمان دەبێت.
پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند، باسی لەوەش کرد كە بەپێی ھەموو یاسایەک دەبێت شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بکرێت، چونکە بە پاساوی قازانجی پشکەوە خەڵکێکی زۆری فریو داوە و پارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی خواردووە، بۆیە ئێمە لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی شاسوار عەبدولواحید پارەکانمان دەداتەوە.
لە میانی خۆپێشاندانەكەدا خاوەن پشكەكان رایانگەیاند كە شاسوار عەبدولواحید ماوەی پێنج ساڵ زیاترە پارەی 10 ھەزار خاوەن پشکی خواردووە و خۆشی بە کەسێکی پاک و بێگەرد دەناسێنێ.
خاوەن پشكەكەكان ئاماژەیان بەوە دەدا "ھیچ کەسێک شاسوار عەبدولواحید نەناسێت، ئێمە دەیناسین و دەزانین چەندە کەسێکی فێڵباز و پارەخۆرە. شاسوار عەبدولواحید خۆی لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەکەی دەدزێتەوە و ئەگەر ڕاست دەکات با کۆڕ و سیمینار بۆ خاوەن پشکە زوڵملێکراوەکانی چاڤی لاند بكات، بەڵام ئەو ترسێکی گەورەی لە ئێمە ھەیە، بۆیە ڕووی نایەت خۆی پێشانی ئێمە بدات".
نەبەز عەلی خاوەن پشکی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند ڕاگەیاند، ماوەی پێنج ساڵ زیاترە بڕی ٨ ملیۆن دینارم داوە بە پشکەکانی چاڤی لاند، بەڵام ھیچ سوودێکم لە قازانجی ئەو پڕۆژەیە نەبینیوە و چەند جارێکیش لە دژی شاسوار عەبدولواحید خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیمان ئەنجام داوە، چونکە ئێمە ئەو بە خاوەنداریەتی پڕۆژەکە دەزانین، بەڵام تا ئێستە ئامادە نەبووە نەک مافمان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵکو گوێ بۆ داواکاری نزیکەی 10 ھەزار خاوەن پشک ناگرێت.
گوتیشی شاسوار عەبدولواحید پارەیەکی خەیاڵی خەڵکی سڤیلی لایە، ئێستەش کاتێک حزبی دروست کردووە، گومانی ئەوە دەکەین، بە پارەی ئێمە حزبەکەی دروست کردبێت، بێگومان پێشتر ئەو سەرمایەدارە بە پارەی خەڵکی چەند کەناڵێکی ئاسمانی گەورەی کردوەتەوە، بۆیە ئێستاش گومانی ئەوە دەکەین، پارەکانی ئێمەی خستبێتە خزمەتی حزبەکەی.
لای خۆیەوە شیروان کەریم خاوەن پشکی چاڤی لاند ڕاگەیاند خۆپێشاندان لە دژی شاسوار عەبدولواحید، ھیچ رۆڵێكی نییە، چونکە دەزانین دەستێکی مەزنی لە پشتەوەیە، بەڵام دڵنیای دەکەینەوە فلس بە فلسی پارەکانی خۆمانی لێ وەردەگرینەوە و قبووڵی ناکەین، مافمان بخورێت.
bas news-
