پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ سەلیم شووشکەیی: خێرە داوا ڕەواکانی مامۆستایان بە حزبی دەکەی؟
دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 25/3/2018، سەلیم شووشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵ کە کاندیدی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە و لەگەڵ ژمارەیەک کاندیدی دیکە، بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، چوونە نێو خۆپیشاندەرانی هەولێر. شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: ”ئەمڕۆ بینیم سەلیم شوشکەیی لەناو خۆپیشاندەرانە، بڕوا بکەن ماوەی ٤ ساڵە دوو قسەی لەناو پەرلەمانی عێراق نەکردووە لە بەرژەوەندیی خەڵکی شارەکەی و کوردستانیش“.
داواشی لە هەر کەسێک کردووە کە ئەگەر بەڵگەیەکی هەیە لەسەر قسەکردنێکی سەلیم شووشکەیی لەنێو پەرلەمانی عێراق، وەڵامی بداتەوە.
هاوکات پرسیاری ئەوەی کردووە: ”باشە بۆ دەچیتە ناو خۆپیشاندەران و داوا رەواکەی ئەوانیش ناشرین دەکەی و بەحزبی دەکەن؟“.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە داوە کە خۆپیشاندان مافی هەموو موچەخۆرانە و ئەرکی حکوومەتیشە داواکەیان جێ بەجێ بکات، چونکە بارودۆخی خەڵک لەوپەری خراپیدایە. هاوکات پێشنیاز دەکات، سەرجەم بەرپرسان منداڵەکانیان لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەربهێنن، ”بۆ ئەوەی هەست بە مەعاناتی مامۆستا و بێبەش بوونی نەوەکانیان لە خوێندن بکەن“.
باسنيوز
