ئەنجومەنێکی خۆپیشاندەران هۆشداریی دەداتە حزبە سیاسییەکان
محەمەد چۆمانی، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە ڕايگەیاند، ئەنجومەنی ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە لە شاری ھەولێر پێکھێندراوە، کە لە پزیشکان، مامۆستایان، خانەنشینان و فەرمانبەران پێکدێت، کە ”پشتگیری ھەر چالاکی و ناڕەزایەتییەکی مەدەنییانە بە ئاراستەی گوشار دروستکردن لەسەر حکوومەت بۆ ھەڵوەشاندنەوە پاشەکەوت دەکات".
محەمەد چۆمانی هۆشداریی دا حزبە سیاسییەکان و رایگەیاند، ئەوان وەک ئەنجومەنەکەیان ڕێگە بە بانگەشەی حزبایەتی نادەن و قبووڵیش ناکەن حزب دەستوەردان لە کارەکانیان بکات، ”نابێ حزبە سیاسییەکان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بن و دۆخەکە بقۆزنەوە و موزایەدەی پێوە بکەن".
چۆمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە نابێ پەرلەمانتار بچێتە ناو خۆپیشاندەران، چونکە شوێنی ئەوان هۆڵی پەرلەمانە و دەبێ لەوێوە گوشار بخەنە سەر حکوومەت و حزبەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە.
بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە لە ساڵی 2013ـەوە و هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کوردستان لە ساڵی 2014، قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان دروست بووە و حکوومەتیش بۆچارەسەرکردنی، بڕیاری پاشەکەوتکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆرانی کوردستانی دا.
باسنيوز
