ئەمریکا: هێزەکانمان لە منبج ناکشێنەوە

 ئەمریکا: هێزەکانمان لە منبج ناکشێنەوە
ھێزه‌ر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا، له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری کەناڵی (كوردستان24)دا سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی واشنتۆن و ئه‌نقه‌ره‌ له‌باره‌ی منبجه‌وه‌، رای گه‌یاند: "ئه‌وان له‌ منبج ناكشێنەوە و لەگەڵ تورکیا لەمبارەوە ڕێککەوتنیان نەکردووە".

پێشتر وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، رای گه‌ياندبوو، ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن له‌باره‌ى داهاتووى منبجه‌وه‌ گه‌يشتوونه‌ته‌ "تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش" و توركيا داوا له‌ ئه‌مريكا ده‌كات ناوچه‌كه‌ به‌جێ بهێڵێت و هێزه‌كانى له‌ رۆژئاواى فورات بكێشێته‌وه"‌.

له‌و باره‌وه‌، هێزه‌ر ناوێرت، له‌ وه‌ڵامى پرسيارى كوردستان24دا ره‌تي كرده‌وه‌، ئه‌مريكا له‌ منبج بكشێته‌وه‌.

هێزەر ناوێرت لەمبارەوە گوتی: "ده‌كرێت وشه‌ی جیاواز به‌كار بهێنرێت، ڕێككه‌وتن، لێكتێگه‌یشتن. من ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، كه‌ گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا به‌رده‌وامه‌ و كۆتاییان نه‌هاتووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن".

له‌ به‌رامبه‌ردا په‌يامنێرى كوردستان24، پرسيارى كرد، "به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر منبجیشی كرد، هه‌ڵوێستت به‌رامبه‌ر به‌مه‌ چییه‌؟"

له‌ وه‌ڵامدا ناوێرت گوتى: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ منبج جێگیركراون و ئه‌وه‌شمان به‌ راشكاوانه‌ به‌ حكومه‌تی توركیا راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كاره‌كانمان له‌ منبج و نیگه‌رانییه‌كانیشمان گه‌یاندووه‌ته‌ توركیا و ئێمه‌ش مافی به‌رگریكردنمان له‌خۆمان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ مافی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیشمانه‌ و هانی توركیاشمان داوه‌ كه‌ شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌ رابگرێت".










باسنيوز
Top