چەكدارانی حەشد ئاڵای كوردستان لە سەیرانگەكانی كەركووك دادەماڵن

چەكدارانی حەشد ئاڵای كوردستان لە سەیرانگەكانی كەركووك دادەماڵن
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە یەكەم رۆژی نەورۆزدا، چەكدارانی حەشدی شیعی، كە لە ڕێگەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیان بەسەر شاری كەركووكدا گرتووە، بەنێو سەیرانگەكانی كەركووكدا دەگەڕان و ئاڵای كوردستانیان لە خەڵك دەسەند.

ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆی چەكدارانی حەشد، كە لە نێو سەیرانگەكانی كەركووك ئەنجامیان داوە و ئاڵای كوردستانیان لەسەر جامی ئۆتۆمبێلەكانی هاووڵاتییان داگرتووە، دوابەدوای سوكایەتییەكانی دوێنێ دێت، كە حەشد لەبەردەم چەكدارەكانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بەرانبەر هاووڵاتیانی كەركووك ئەنجامیان دا.

ئێوارەی دوێنێش بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە و لەسەر هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك، زۆرترین سووكایەتی بە هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك كراوە و بە لێدان و هێرشكردن ئاڵاكانی كوردستانیان لە خەڵك دەستاند.

لەمبارەیەوە چەندین ڤیدیۆی دڵتەزێن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو كرانەوە و هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان بە توندی رەخنەیان لەم هەڵسوكەوتە شۆڤێنییانەی چەكدار و میلیشیاكانی كەركووك گرت.

جێی باسە لە سایەی خیانەتەكەی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەری یەكێتی، شاری كەركووك و بەشێكی گەورەی باشووری كوردستان لەوەتەی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە رادەستی میلیشیا شیعەكان و سوپای عێراق كران، لەوساوە بەردەوام سووكایەتی بە مافە نەتەوەییەكانی كورد دەكرێ و هاووڵاتییانی كورد بە خراپترین شێوە لەلایەن میلیشیا شیعیەكانەوە، لە سایەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر سووكایەتیان پێدەكرێت.









باسنيوز
Top