بەرپرسێکی گۆڕان بۆ لاهوور جەنگی: سیاسەتکردن بە زمانی زبر هەڵەیە
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”لاھوور جەنگی ڕۆژێک پێش نەورۆز، داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد، بچنە سەر قەڵای کەرکووک، بەڵام دواتر بە زمانێکی ناشیرین سووکایەتی بە پارێزگاری کەرکووک کرد“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو بە شیاوی نازانێت و بە لاهوور جەنگی دەڵێت: ”سیاسەتکردن بەم زمانە زبرە ھەڵەیە، بۆیە ئەنجامەکەشی ئەوەبوو بینمان“.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان لەبارەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێیوایە کە دەبووایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو پرس و مەلەفە بکات، گوتیشی: ”حکوومەت دەبووایە بۆ ھەموو برایان و خوشکانمان لە کەرکووک ئەوەی ڕوون بکردایەتەوە کە کێ بوون ئەوانەی ئەم خیانەتە گەورە نیشتمانییەیان کرد؟ چونکە منیش بە خیانەتی دادەنێم، ئەوانەی کەرکووکیان چۆڵکرد، خیانەتێکی گەورەیان کرد، بۆیە پێویستە دادگایی بکرێن“.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و ئەو کاتەی لاهوور جەنگی و هێزەکەی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی لە دژی سەرهەڵدانی گەنجانی کورد لە کەرکووک چووبوونە شارەکە، لاهوور جەنگی دەستەواژەیەکی نەشیاوی بەرامبەر بە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەکارهێنا و دواتریش سووکایەتییەکی زۆری بە کوردانی کەرکووک کرا و کەسیش بەرگری لێ نەکردن، لاهوور جەنگیش هەرچەندە دەیگوت ناگەڕێتەوە و خەڵک دەپارێزێت، بەهێزەکەیەوە گەڕایەوە سلێمانی.
رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق پەلاماری کەرکووکیان دا و داگیرکیان کرد، دواتر هەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و نەجمەدین کەریم کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، ئاشکرایان کرد کە گرووپێک لەنێو یەکێتیدا خیانەتیان کردووە و بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان چۆڵ کردووە کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، ئەو گرووپە لەژێر فەرمانی لاهوور جەنگی و چەند کەسێکی دیکەی نزیک لە خۆی، کشاونەتەوە.
باسنيوز
