محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: ده‌بێت مەشخەڵی گڕی نەورۆز لە كه‌ركووكى داگیرکراو بگەشێتەوە

محه‌مه‌دی حاجى مه‌حمود: ده‌بێت مەشخەڵی گڕی نەورۆز لە كه‌ركووكى داگیرکراو بگەشێتەوە
سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 20/ 3/ 2018 به‌بۆنه‌ى یادی جه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه‌، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هۆشدارى دا له‌ هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و یاده‌ نه‌كرێته‌وه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت مەشخەڵی گڕی نەورۆز لە كه‌ركووكى داگیرکراو بگەشێتەوە.



محه‌مه‌دى حاجی مه‌حمود، سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ لێرەو لەوێ، هەوڵێک هەیە بۆ یادنەکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە کوردستان، وه‌ك نووسیویه‌تى: "نەک هەر نابێ ئەم هەوڵە بهێڵرێ سەر بگرێ و دڵی دوژمنانی کوردی پێخۆش بکرێ ، بەڵکو دەبێ زیاتر پێداگری بکرێ لەیادکردنەوەی ئەم جەژنە نەتەوەییە".


ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، كه‌ "مەخابن بەهۆی ناکۆکی و بیری تەسکی حزبایەتی و پێشخستنی بەرژەوەندیە حزبی و شەخسییەکان پێش بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی ، وا جارێکی دی لە کەرکووکی کوردان و عه‌فرینی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلەکەمان بەرەو جینۆ ساید و کوشتن و بڕین و کاولکاری و داگیرکاری دەبێتەوە.

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود، كه‌ له‌شه‌ڕى به‌رگریكردن له‌ كه‌ركووك، (عه‌تا)ى كوڕی شه‌هیدبوو، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، داگیرکەرەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو هەمیشە هەوڵیان داوە، شوناسی نەتەوەییمان بسڕنەوە، جه‌ختیش داه‌كاته‌وه‌، كه‌: "ده‌بێت مەشخەڵی گڕی نەورۆز لە کرکوکی داگیرکراو بگەشێتەوە و بەمەش دڵی دوژمنانی کورد بسوتێنێ".
bas news-
Top