هەڕەشەی ئەردۆگان ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکی شنگال دروست کردووە

 هەڕەشەی ئەردۆگان ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکی شنگال دروست کردووە
پاش هەڕەشەکانی ئەردۆگان، سەرکۆماری تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر شنگال و ناوچە سونوورییەکنای باشووری کوردستان، قایمقامی شنگال ئاشکرای دەکات، ئەو هەڕەشان ترس و دڵەڕاوکێی لەناو دانیشتوانی شنگا دروست کردووە.



لەمبارەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال ئاشکرای کردووە: "دەبێ بە جیدی داوا لە ئەمریکا بکرێت کە بێتە سەر خەت و ڕێگە لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ سنووری شنگال بگیرێت".



قایمقامی شنگال گوتیشی: "کاتێک ناوی تورکیا دێت، خەڵکی شنگال دەترسن ئەوەی لە عەفرین ڕووی دا، مەترسیی هەیە بەسەر خەڵکی شنگالیشدا جێبەجێ بکرێت و جارێکی دیکە کوردانی ئێزدی تووشی ماڵوێرانی بن و ئێمە نامانەوێ نە ئێران و نە تورکیا پلانی سیاسیی خۆیان بەسەر عێراق و نەتەوەی کورددا جێبەجێ بکەن".



مەحما خەلیل ڕاشی گەیاند: "دەبێ حکوومەتی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکات و بانگەوازێک ئاراستەی ئەمریکا بکەن کە بێتە ناو شنگال هەتا ڕێگە لە هێرشی سوپای تورکیا بگیرێت".



ئەوەشی خستە ڕوو: "تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرش بۆ سەر شنگال دەکات و ئەمەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک، چونکە ئێستا تورکیا هەوڵ دەدات شنگالیش وەکوو عەفرین لێ بکات، چونکە ئەردۆگان ڕۆژی دووشەممە 2018/3/19 بە بڵاوکردنەەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە کە بە نهێنێ دێنە ناو شنگالەوە، بۆیە ئێمە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین ڕێگری لە هێرشی سوپای تورکیا بۆ ناو شنگال بگرن"





باسنیوز
Top