لە سلێمانی سێ کەس بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەرەوە دەستگیر کران
ئەمڕۆ دووشەممە 19/3/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە ڕۆژی 18/3/2018، بە سەرپەرشتیی بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و لەلایەن ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەواری شارەوە، سێ کەس بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەرەوە دەستگیر کران، کە "دوان لە تۆمەتبارەکان ژن و مێردن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە: "تۆمەتبار (ز، م، ئـ) کە بازرگانی بە مادەی ھۆشبەرەوە کردووە و لەکاتی دەستگیرکردنیدا، 14 پارچە حەبی ترامادۆڵ و بڕێک حەشیش و ھەشت کیس کریستاڵی پێ بووە، ئێستا بەپێی مادەی 14ی مادە ھۆشبەرەکان بەندە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ھاوکات مەفرەزەکانی پۆلیس توانیان تۆمەتبار (ھـ، ئـ، ح) و ھاوسەرەکەی دەستگیر بکەن بە تۆمەتی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر، کە ئەو تۆمەتبارە لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە سکاڵای لێ کراوە و دواتر ھەردووکیان بەپێی مادەی 14ی مادە ھۆشبەرەکان دەستگیر کراون و ئێستا بەندن".
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە، کە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ھەواری شارەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر بەردەوامە.
باسنيوز
