سەرکردەیەکی گۆڕان: شاسوار عەبدولواحید پێگەکانی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکڕێ
نزار محەمەد، ئەندامی جڤاتیی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بە شێوەیەکی نهێنی، ”ھەوڵی ئەوە دەدات کە کامە پەیجی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لایکی زۆرە، بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو بیکڕێت“.
هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر شاسوار عەبدولواحید لەو کارەی بەردەوام بێت، ئەوا ”ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە“.
بە گوتەی سەرکردەکەی گۆڕان، شاسوار عەبدولواحید ”ھیچ کاتێک ناتوانێ دەنگەکانی گۆڕان بەپارە بکڕێت".
دوای درووستکردنی گرووپێکی سیاسی لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو خراپی چوو و چەندان جار لەنێو گۆڕانەوە بە شێوەی جیاواز قسە لە دژی کراوە و شاسوار عەبدولواحیدیش قسەی بەرامبەر بە نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری گۆڕان و بزووتنەوەکەش کردووە.
باسنيوز
