بەهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سکاڵا لە دژی عەبادی تۆمار دەکات
ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە تێیدا ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنەکەش ئامادە بوون، ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا ڕێگری لە کارەکانی ئیدارەی کەرکووک دەکات و لە کاتێکدا پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخی کەرکووک سەقامگیر بوو، ئێستا کەرکووک بە بارودۆخێکی نائاسایی و ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە داواکارییەکانیان بە کۆنگرێسی ئەمریکا و ناوەندەکانی ئەورووپا دەگەیەنن.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سێ داواکاری خستە بەردەم دادگای فیدرالی بۆ ئەوەی یەکلایی بکاتەوە کە ئەمانەن:
١- حکوومەتی عێراق ماددەی ٩ی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراقی پێشێل کردووە و سوپای بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکار هێناوە.
٢- ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە لە کاتێکدا بەشێک بووە لە بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی عەبادی.
٣- هەڵبژاردن لە کەرکووک لە ئاستی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکرێت تا بارودۆخی یاسایی و دەستوری دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
باسنيوز
