"كریستیانەكان لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان"
هوشیار مالو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد، بە هاوكاری و هەماهەنگیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك خانووە لە دەشتی نەینەوا، كە بە هۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە، ئەو خانووانەی بڕیارە ئاوەدان بكرێنەوە، لە ناوچەی كریستانەكانن و بەشێكیش خانووی كوردانی شەبەكن، لە قۆناغی دواتر دەچینە نێو شاری مووسڵ و بڕیارە 200 خانووی خاپووركراو دووبارە دروست بكرێنەوە، بەداخەوە حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی نەناوە تا ئێستا بۆ ئەوەی ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە، تەنیا بڕیارە لە رێگەی وڵاتە كۆمەكبەخشەكانەوە لە مەودوا كاری تێدا بكرێت".
لە لێدوانێكی پێشوودا، لارا زارا، بەڕێوەبەری شارەدێی ئەلقۆش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كورستانی راگەیاند: "نزیكەی هەزار خێزانی كریستیان لە سەنتەری ناحیەی ئەلقۆش لەنێو كەلاوەكاندا دەژین و، پێیان وایە ژیان لە كەلاوەكاندا باشترە نەك بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و مەترسیی حەشدی شەعبییان لەسەر بێت".
هەر پێوەست بەم پرسە، عەبدولئەحەد ئەفرام، سكرتێری گشتیی پارتی كلدانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق، زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی كریستیان لە عێراق هەبوون، بەڵام دواتر بە هۆی سیاسەتی لەنێوبردنی پێكهاتەكانەوە، كریستیانەكان ناچار بوون كۆچ بكەن و لە ئێستادا ژمارەی كریستیانەكانی عێراق بە دەشتی نەینەوا و بەغدا و حللە و كەركووكەوە، كەمتر بووەتەوە بۆ 400 هەزار كریستیان".
لەبارەی قەبارەی زیانەكانەوە، سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد ڕوونی كردەوە: "زیانەكان زۆرن و هیچ شوێنێك نەماوە زیانی بەر نەكەوتبێت، چونكە بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، هەندێ خانوو كە لە دەرەوە سەیر دەكرێن هیچ كێشەیان نییە، بەڵام كە دەچیتە ژوورەوە، دەبینی كە بە ماددەی سیفۆر سووتێندراون و هەتا شیش و كۆنكرێت تواونەتەوە، لەبەر ئەوەیش ناوچەكە بە جارێك وێران كراوە".
دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك بەسەر ئازادكردنی شاری مووسڵدا، هێشتا بەشێكی زۆری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و ئامادە نین بگەڕێنەوە، لەم بارەیەوە، هوشیار مالو گوتی: "خەڵكی ناوچەكە بە تایبەت كریستیانەكان، گەرەنتییان دەوێ بۆ گەڕانەوەیان و، دەڵێن مەترسیمان هەیە سیناریۆی دیكە بەكار بێت بۆ لەنێوبردنی پێكهاتەكان، وەك هاتنی تیرۆریستانی داعش، هۆكارێكی دیكە بۆ هەبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە، كە هێزێكی بێ نیزام و میلیشیاتن و، ئەوان ترسیان هەیە كێشەیان بۆ دروست بكرێت و لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكەیان بە ناوچەی ئارام نازانن، هەر ئەوەیش هۆكارە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی كریستیان نەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
وەحیدە یاقوو، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كێشەی سەرەكیی كریستیانەكان لە عێراق ئەوەیە كە، هێشتا ئەو عەقڵییەتەی پێی وایە نابێت كریستیان بوونیان هەبێت، زاڵە لە عێراق و كەچی ئامارێكی دروست بەردەست نییە، بەڵام لە كۆی 200 هەزار كریستیانی ئاوارەی دەشتی نەینەوا، ژمارەیەكی بەرچاویان بەرەو وڵاتانی بیانی كۆچیان كردووە، ئەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراقیش زیاتر لە نیوەیان چوونەتە دەرەوە و هیچ گەرەنتییەك بۆ ئەوانەی ماون، نییە".
kdp-
