سعوود مەلا: هاووڵاتیی زۆر بوونەته‌ قوربانی.. ناكرێت دۆخی عه‌فرین له‌وه‌ خراپتر بێت

سعوود مەلا: هاووڵاتیی زۆر بوونەته‌ قوربانی.. ناكرێت دۆخی عه‌فرین له‌وه‌ خراپتر بێت
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێ، ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا چوونەتە ناو عەفرینەوە و مەترسییەكی گەورە لەسەر شارەكە هەیە، بۆیە پێویستە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چیدیكە بێدەنگ نەبن و، بڕیارێك بۆ راگرتنی شەڕ دەربكەن و هاوكارییش بگەیێنە ئەو شارە.

ماوەی 57 ڕۆژە توركیا و هێزەكانی سوپای ئازادی سووریا بە شێوەی زەمینی و ئاسمانی هێرشی سەر عەفرین دەكەن و، زیانی زۆری گیانی و ماددییان لەو شارە داوە، تاوەكوو ئێستایش هێرشەكان بەردەوامن و خەڵكی ئەو شارەش هیچ هاوكارییەكیان پێ ناگات و لە دۆخێكی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن.

سعوود مەلا، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی عەفرین زۆر خراپە و ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا و سوپای ئازاد چوونەتە ناو عەفرینەوە، بەپێی زانیارییەكانیش هێزەكانی یەپەگە كشاونەتەوە، بۆیە خەڵكیش بەرەو دەرەوەی شار ڕادەكات و دۆخەكە زۆر زۆر خراپە و پێویستی بەوە هەیە چیدیكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بێدەنگ نەبن و، بێنە سەر خەت و بڕیارێك بۆ راگرتنی شەڕ بدەن، چونكە ژیانی ئەو خەڵكە لە مەترسیدایە".

سەرۆكی ئەنەكەسە، هەروەها گوتیشی: "عەفرین پێویستی بەوە هەیە سەرەتا بڕیارێكی نێودەوڵەتی بدرێت بۆ راگرتنی شەڕ و دواتریش هاوكاریی بەپەلە بگەیێندرێتە ئەو خەڵكە، چونكە هیچیان نییە و پێویستیان بەهاوكاری هەیە، بەڵام تا ئێستا هاوكارییان پێ نەگەییشتووە و، داواكارین دۆخەكە ئارام بێتەوە و ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، چونكە ناكرێت دۆخەكە لەمە زیاتر خراپ بێت".

مەلا ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بەردەوام هەوڵمان داوە شەڕ رابوەستێت و هەوڵەكانمان زیاتر سیاسین، چونكە چەكمان نییە و، داواكاریشین بەپەلە شەڕ رابگیرێت، چونكە بە هۆیەوە زیانی زۆر بەر شارەكە كەوتووە و ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی".

kdp-
Top