یەكێتیی پەرلەمانتاران: هەرێم خۆڕاگر بوو.. غرووریەتی بەغدا بەسەر چوو

 یەكێتیی پەرلەمانتاران: هەرێم خۆڕاگر بوو.. غرووریەتی بەغدا بەسەر چوو
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێ، غرووریەتی بەغدا بەسەر چوو و، بەرە بەرە عێراق پاشەكشە لە هەڵوێستەكانی پێشتری دەكات. ڕوونیشی كردەوە، پێویستە كورد خۆی رێك بخاتەوە و ئامادە بێت بۆ سیناریۆكانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان.

نیعمەت عەبدوڵڵا، رايگەیاند: "ئەگەرچی لەسەر كێشە بنەڕەتییەكان هێشتا هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا نەكراوە، بەڵام سەرەتایەكی باش دەستی پێ كردووە بۆ دانوستان و، گەشبینم بەوەی بەغدایش گەییشتووەتە ئەو باوەڕەی بە بێ هەرێمی كوردستان پڕۆسەی سیاسی بەڕێوە ناچێت، لەبەر ئەوەیش تا هەڵبژاردنی داهاتوو سیناریۆی دیكەیش دێنە ئاراوە و رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەر دێت، چونكە نەخشەی سیاسی دەگۆڕێ و كورد دەچێتەوە گۆڕەپانەكە، بەڵام داهاتوو چی و چۆن دەبێت، ئەوە ناتوانم لە ئێستاوە بڕیاری لەسەر بدەم، چونكە هەڵبژاردن لە پێشمانە و هەموو هێزەكان بە كوردیشەوە، سەرقاڵی خۆئامادەكردنن".

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان هەروەها دەڵێ: "غرووریەتی پێشووی بەغدا نەماوە و بەرە بەرە لە هەڵوێستەكانی نەرم دەبێتەوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ئەویش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەی كە كورد و هەرێمی كوردستان خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە رووداوەكان و، دووەمیش بۆ ئەو گوشارە نێودەوڵەتییەی لەسەر عێراق هەیە دەگەڕێتەوە، بینیمان لە رابردوودا چەندین زلهێزی جیهان هاتنە سەر خەت و داوای ئەوەیان كرد پێویستە دانوستان لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا دەست پێ بكاتەوە بۆ چارەكردنی گشت كێشەكان".

نیعمەت عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "پێویستە خۆمان رێك بخەینەوە و دەزگای پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دروست بكرێت، كە مەبەست لێی ئەوەیە، هەرێمی كوردستان نوێنەری خۆی هەبێت بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ بەغدا بكات و كەسانێك هەبن لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە رایسپێردرێن بۆ كاروبارەكان، خۆ بەغدایش ئەو دەوڵەتە نییە بتوانێ هەرێمی كوردستان بتوێنێتەوە و ئێمەیش هەین، ئەو رۆژگارەیش بەسەر چوو هەرچی بیانەوێ بەسەر ئێمەدا بیسەپێنن، بەڵام مەرجی سەركەوتنی كورد لە عێراقدا، یەكڕیزیی نێوخۆمانە".










KDP
Top