ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان : ڕۆژی دووشەممە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە، لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕاگەیاند: ”بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ھەروەھا بەپێی ئەو قسانەی کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کردوویانە، پێش نەورۆز واتە ڕۆژی دووشەممە ١٩/٣/٢٠١٨، دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت“.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی دەشڵێت: ”ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو ١٦/٣/٢٠١٨، نوێنەرەکەی حەیدەر عەبادی لە ڕێوڕەسمی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا گوتوویەتی پێش نەورۆز مووچە دابەش دەکرێت، ھەروەھا حکوومەتی عێراق بڕە پارەیەکی زۆری بۆ لقی ھەولێری بانکی ناوەندی ناردووە“.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەش کرد، کە ئەو پارەیەی دابەش دەکرێت، "ھی مانگی ١١ی ٢٠١٧یە و بەبێ پاشەکەوت دابەش دەکرێت".
باسنیوز
