توركیا نەخۆشخانەی گشتیی عەفرینی بۆردوومان كرد.. ده‌یان هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی

 	 توركیا نەخۆشخانەی گشتیی عەفرینی بۆردوومان كرد.. ده‌یان هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی
شەوی رابرد، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نەخۆشخانەی گشتیی عەفرینیان بۆردوومان كردووە و، بە هۆیەوە ده‌یان كەس بوونه‌ته‌ قوربانی و ڕوانگای سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێ، زیاتر له‌ ١٥٠هه‌زار كه‌س شاره‌كه‌یان جێ هێشتووه‌.

ماوەی 56 ڕۆژە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی توركیا و سوپای سووریای ئازاد بۆ سەر عەفرین بەردەوامە، كە بە شێوەی زەمینی و ئاسمانی عەفرین بۆردوومان دەكرێت و بەو هۆیەوە تاوەكوو ئێستا بە سەدان كەسی سڤیل بوونەتە قوربانی و بە سەدان خێزانیش ئاوارە بوونە.

فەتحوڵڵا حوسێنی، نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابرد، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا نەخۆشخانەی گشتیی عەفرینیان كردووەتە ئامانج، كە تاكە نەخۆشخانەی ئەو شارەیە خەڵكی تێدا چارەسەر دەكرێت و، بەشێكی زۆریان خاپوور كردووە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكیش كە تێیدا چارەسەر دەكران، شەهید و بریندار بوونە".
حوسێنی گوتیشی، تاوەكوو ئێستا بە هۆی ئەو بۆردوومانەوە، 19 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوونە و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوونە.
وەك نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان گوتی، ئەمە جینۆسایدێكی دیكەی گەلی كوردە و، دەیانەوێت كورد قڕ بكەن، كوردەكانیش بەردەوام بەرگری دەكەن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بێدەنگە و تەنیا تەماشاكەرە.

به‌گوێره‌ی رامی عه‌بدوڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگای سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بێ، له‌ شه‌وی هه‌ینی له‌سه‌ر شه‌ممه‌، به‌ هۆی ئه‌و بۆردوومانه‌ چڕه‌ی هێزه‌كانی توركیا و هێزه‌ چه‌كداره‌ سووریاییه‌كان، زیاتر له‌ ١٥٠ هه‌زار كه‌س به‌ره‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كابی دیكه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان و، هه‌روه‌ها هه‌ردوو شاری نه‌بل و زه‌هرا، كه‌ دوو شاری شیعه‌نشین و پشتیوانیكاری ڕژێمی سووریان، ڕایانكردووه‌.
kdp-
Top