پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنی ڕادەگەیەنێت
لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی داڕشتووە.
لیوا عەبدولخالق دەڵێت: "لە پلانە ئەمنییەكەدا تیمەكانمان لە ناو شاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو، وێڕای مەفرەزەی گەڕۆك كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكەیان لە سەیرانگاكانیشدا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی دەگرنە بەر.
دەشڵێت، پلانەكە لە 11ی ئەم مانگەوە دەستی پێ كردووە و تا دوای نەورۆزیش بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەولێر و دەوروبەری بكەن و، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر كراوە تا ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت.
kdp-
