دەزگایەکی ڕاپرسی: بەهۆی ناکۆکیی ئەردۆگان لەگەڵ بارزانی کوردان دەنگ بە ئەردۆگان نادەنەوە
دەزگای راپرسیی MAK، یەكێكە لە دەزگا بەناوبانگەكانی توركیا، هەروەها لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا پێشبینی و راپرسییەكانی بە هەند وەرگیراوە.
ئەحمەد تاكان نووسەری دیاری (یەنی چاغ)ـی توركی، لە وتاری ئەمڕۆیدا نووسیویەتی، پەیوەندی بە محەمەد عەلی كولاتەوە كردووە، كە بەڕێوەبەری دەزگای راپرسی MAK یە و لێی پرسیوە لە تازەترین راپرسیتاندا ئاكپارتی حاڵی چۆنە؟ ئەو گوتوویەتی ئاكپارتی 40%ی دەنگەكان دەهێنێت و مەهەپەش 7%ی دەنگەكان دەهێنێت.
باسی لەوەش كردوە، كە باكوورییەكان دەنگ بە ئاكپارتی و ئەردۆغان نادەنەوە، ئەمەش چەند هۆكارێكی لە پشتە و یەكێك لە هۆكارەكان پەیوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
تاكان دەنووسێت: "عەلی كولات پێی گوتم، لە سەروبەندی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەو ناكۆكییەی ئەدرۆغان لەگەڵ بارزانیدا دروستی كرد، بەشێكی كوردەكان لەبەر ئەوە دەنگ بە ئەردۆغان نادەنەوە و لێی تووڕەن".
هەروەها باس لەوەش دەكات، كە هەرچەندە ئێستا وا دەبینرێت كە پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەچێت، بەڵام بەشێكی كوردەكان لەبەر ئەو هۆكارە هەر دەنگ بە ئەردۆغان و ئاكپارتی نادەنەوە.
باسنيوز
