هەولێر و بەغدا پرسی گومرکەکان تاوتوێ دەکەن
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد: ئەم هەفتەیە کۆبوونەوە لە نێوان گومرگی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر بابەتی پێناسەی گومرگ، ڕێنماییەکان، ڕێکخستنەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەهۆی پشووەکانەوە تا ئێستا ڕۆژی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە".
ئەو بەرپرسەی گومرگ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ئەوان دێن بۆ هەرێمی کوردستان یان ئێمە بچین بۆ بەغدا، بەڵام ئەگەری زۆرە ئێمە بچینە بەغدا، کۆبوونەوەکەش لە نێوان گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گومرگی عێراق و ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران دەبێت".
لەبارەی ڕێککەوتن و هێنانی بەڕێوەبەر و فەرمانبەری گومرگ لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتیشی: ”هیچ بڕیار و ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە، هەروەها هەمان ئەو ستافانەی هەرێمی کوردستان کە لە گومرگەکان دان و کار لە گومرگەکان دەکەن".
باسنیوز
