ئەندامێكی تاقمی 16ی ئۆكتۆبەری مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ڕێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکات

ئەندامێكی تاقمی 16ی ئۆكتۆبەری  مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی ڕێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکات
بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و لەگەڵ پەرلەمانتارێکی حزبەکەی لەمبارەیەوە مشتومڕ دەکات.



ڕۆژی هەینی 16/3/2018 و لە میانی یادکردنەوەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کەرکووک، ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کە ئاڵایەکی کوردستانی لەژێر فشاری کوردانی کەرکووک لە مل کردووە، لەگەڵ محەمەد عوسمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕ لەسەر ئاڵای کوردستان دەکات.



لەو گفتوگۆیەیاندا کە لەبەردەم خەڵکی کردوویانە، ئاسۆ مامەند داوا لە پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەکات، ئاڵای کوردستان کە بە دەستیەوەیە و هەڵیکردووە، بێنێتە خوارەوە و سەرەتا دەڵێ ”با بۆ نەورۆز گۆڵی خۆمان بکەین“ و دواتر پاساوەکەی دەگۆڕێت و باس لەوە دەکات کە لە یادی کارەساتدا دەبێ ئاڵاکان بهێندرێنە خوارەوە.



لە بەرامبەردا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی بە ئاسۆ مامەند دەڵێت: ”لەگەڵ لیوا میعەن سەعدی (کە بەرپرسێکی هێزەکانی عێراقە لە کەرکووک) قسە کراوە و ڕێگەی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان داوە“، بۆیە ئاڵاکە ناهێنێتە خوارەوە.



پێداگریی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لە هێنانەخوارەوەی ئاڵای کوردستان بەشێکە لەو هەوڵانەی کە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ بەئامانگەیشتنی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزەکانی عێراق دەیدەن و پێشتریش ئاراس جەنگی، یەکێک لە کەسە دیارەکانی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر داوای لە خەڵکی کەرکووک کردبوو، ئاڵای کوردستان لە یادەکانی ئادار و نەورۆز هەڵنەکەن و ئاڵاکەی بە ”پارچە پەڕۆیەک“ وەسف کردبوو، بەڵام دوای دروستبوونی کاردانەوەی جەماوەر، ئەوەی ڕەت کردبووەوە کە هیچ پێگەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت.



ئەمە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی کەرکووک و بەڵێندەرێکی شارەکە، وەک وەفادارییەک بۆ جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی، پەیکەرێکیان دروست کرد و لەسەر قەڵای کەرکووک دایان نا، بەڵام دوای کەمتر لە کاتژمێرێک، لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقییەوە لادرا. ئەو کاتەش مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کە ئاسۆ مامەند بەرپرسیەتی، پاساونامەیەکی لە جێگەی هێزەکانی عێراق بڵاوکردەوە و پاساوی بۆ لادانی پەیکەرەکە هێنایەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.




باسنیوز
Top