هێزە عێراقییەکان پەیکەرەکەی تاڵەبانییان لادا و یەکێتی پاساوی بۆ دێنێتەوە

هێزە عێراقییەکان پەیکەرەکەی تاڵەبانییان لادا و یەکێتی پاساوی بۆ دێنێتەوە


هەرچەندە هێزەکانی عێراق پەیکەری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقیان لاداوە، بەڵام مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک پاساو بۆ لادانەکەی دێنێتەوە.



ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 14/3/2018، لە قەڵای کەرکووک، پەیکەرێکی مام جەلال کە لە لایەن چەند لایەنگرێکی یەکێتییەوە دروست کرابوو، داندرا، بەڵام تەنیا دوای دوو کاتژمێر، پەیکەرەکە لادرا کە بە گوتەی مامۆستا غەفوور ساڵح، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بۆ زانیاری ڕاگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق پەیکەرەکەیان لاداوە.



دواتر لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە جێگەی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاساوی بۆ لادانی پەیکەرەکە هێناوەتەوە و ڕای گەیاندووە: ”قەڵا شوێنێکی شوێنەوارییە و نابێ بەئامێری شۆفەڵ دەسکاری خاکەکەی بکرێت و پەیکەری لێ دابنرێت“.



هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە بێت، مەڵبەندەکەی یەکێتی پەیکەرەکە ”بۆ شوێنێکی شیاوتر و گونجاوتر“ دەگوازنەوە.



ئەمە لە کاتێکدا پێشتر عەقید ئەفراسیاو زەنگەنە، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک کە یەکێک بوو لەوانەی پەیکەرەکەیان لە قەڵای کەرکووک داناوە، ڕاگەیاند، بۆ دانانەوەی پەیکەرەکە، دژە تیرۆری عێراق داوای لێ کردوون، ڕەزامەندیی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وەربگرن.



ئاسۆ ئەڵمانی کە یەکێکە لەو کەسانەی بە ئەندامی گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەقەڵەم دەدرێت، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتییە کە بەهۆی هەڵوێستەکانی مەڵبەندەکە و خیانەتەکەی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، دەیان کادیر و ئەندامی حزبەکەیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە کە دوایینیان دیلان سەڵاح، لێپرسراوی لقی ئامادەییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.



هەر لەمبارەیەوە دیلان سەڵاح ڕاگەیاند کە ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆخی ئێستای کەرکووکی قەبوڵ بێت و هەڵوێستی نەبێت، ئەوان ئەو دۆخەیان قەبوڵ نییە.
bas news-
Top