شاره‌زوور .. هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌وامى قوتابخانه‌كان ده‌ست پێده‌كاته‌وه
به‌ڕێوه‌به‌رایەتیى په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور، ئاماژە بەوە دەدات، کە له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندنى سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایەتییه‌كه بڕیاردراوه سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌رگاى قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه و ده‌وام ئاسایی بكرێته‌وه.
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایەتیى په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور، كه وێنه‌یه‌كى نێردراوه و تێدا هاتووە: "ئه‌مڕۆ 15/3/2018، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده و لێپرسراوی به‌شی خۆیه‌تى و میلاكات و به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندن له‌سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایەتیى په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور كۆبوونه‌وه، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌وه باس له دوایین پێشهاته‌كان و پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده و مه‌ترسییه‌كانى به‌رده‌م خوێندن كرا".
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه، پاش گفتوگۆیه‌كى چڕ‌وپڕ، له‌پێناو نه‌فه‌وتانى ساڵێكى خوێندنى قوتابیان و به‌له‌به‌رچاوگرتنى به‌ڵێنه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی، بۆ دابه‌شكردنى مووچه و له‌حاڵه‌تى وه‌رگرتنى مووچه‌ى بێ پاشه‌كه‌وتدا، به‌كۆى ده‌نگ بڕیاردرا ڕۆژى یه‌كشه‌ممه 18/3/2018 له‌سه‌رجه‌م قوتابخانه و خوێندنگه و باخچه‌كانى منداڵانى سنوورى په‌روه‌رده‌كه ده‌وام ئاسایی بكرێته‌وه.
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوا له كه‌سوكارى قوتابیان كراوه به‌كات و شوێنى ده‌وامه‌وه پابه‌ندبن.
bas news
