د. سه‌باح به‌رزنجی: پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق به‌بێ كورد ته‌واو نابێت
د. سه‌باح به‌رزنجی، سه‌رۆك سه‌نته‌ری هزری زه‌هاوی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ڕێكکه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كردووه و بۆ له‌مه‌ودواش كه دوای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌چینه‌وه به‌غدا بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، پێویسته له قۆناغی داهاتوو كورد كار له‌سه‌ر دوو خاڵ بكات له به‌غدا، یه‌كه‌م یه‌كگرتوو و یه‌كده‌نگ بێت له كاتی دانوستانه‌كان، هه‌روه‌ها ته‌ركیز بخاته سه‌ر مافی یاسایی و ده‌ستووریی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، واته پۆست و پله به لایه‌وه گرنگ نه‌بێت.
د. سه‌باح به‌رزنجی گوتی: "من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌نگ و مافه‌كانمان بپارێزین له عێراق گرنگتره له‌وه‌ی چه‌ند پۆستێكمان هه‌بێت له حكوومه‌تی داهاتووی عێراق، ئه‌گه‌ر چاوپۆشی له پۆستی سه‌رۆككۆماریش بكه‌ین له به‌رامبه‌ردا پۆستی هه‌ندێ وه‌زاره‌تی گرنگ وه‌ربگرین به ڕای من زۆر باشتره له پۆستێكی ته‌شریفاتی و پڕۆتۆكولیی وه‌ك سه‌رۆككۆمار."
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری زه‌هاوی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا به‌بێ كورد لاواز و ناته‌واوه، نه‌ك ته‌نیا له عێراق به‌بێ ڕۆڵی كورد ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕۆسه‌یه‌كی ته‌ندروست و ته‌واو نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد میلله‌تێكی به‌هێزە و ڕۆڵی گرنگی هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا و ناكرێت ئه‌و ڕۆڵه‌ی كورد نادیده بگیرێت."
kdp-
