خۆشناو: لەبارەی پێشێلكارییە دەستوورییەكان و جینۆسایدەوە، ڕاپۆرتمان داوەتە پەرلەمانی بەریتانیا
بە مەبەستی پتەوكردن و پێشوەچوونی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، دوێنێ چوارشەممە 14-3-2017 شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەریتانیایان كرد و، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژێكدا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، كە ئەندامی شاندەكەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لە درێژەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی شاندی پەرلەمانی كوردستان لە بەریتانیا، لەگەڵ لیند سەیهویل، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و وەزیری نەهێشتی چەكی كۆكوژ فابیان هاملتون كۆ بووینەوە و، تێیدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان كرا و، پڕۆسەی سیاسی و كێشە و گرفتی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان بوو".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەریتانیا، ڕێز و ستاییشی بۆ بڕیاری خەڵكی كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەبوو، هەروەها ڕەخنە و سەرنجی كەسیی خۆیشی لەمەڕ ڕووداوەكانی مێژوو خستە ڕوو كە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرحەق بە كوردستان و دابەشكردنی وڵاتی كوردستان لە ڕابردوودا، گرفتێكی گەورەیان دروست كردووە و بە كارێكی خراپی لە قەڵەم دا و، هیوای خواست ئەو هەڵە مێژووییانە دووبارە نەبنەوە و ڕاست بكرێنەوە".
خۆشناو ئەوەیشی خستە ڕوو كە، دوو ڕاپۆرتیان دەربارەی پێشێلكارییە دەستوورییەكان و جینۆسایدی شنگال و خورماتوو پێشكەش بە پەرلەمانی بەریتانیا كردووە.
شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان، پێك هاتووە لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، سكرتێری پەرلەمان بێگەرد تاڵەبانی و ژمارەیەك سەرۆكی فڕاكسیۆن و سەرۆكی لیژنەكانی پەرلەمان.
باسنيوز
