ئاڵا تاڵەبانی روونکردنەوە لەبارەی خیانەتکردن دەدات و دەڵێت: ئەگەر ئەوە خیانەت بێت من شانازی پێوە دەکەم
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری ئێستای فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە رایدەگەیەنێت، بەردەوام لەگەڵ ”یەکپارچەیی خاکی عێراق“ دایە و ھەرواش دەمێنێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ دژایەتیکردنی ھەر ھەوڵێک بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان.
ئاڵا تاڵەبانی لەو گرتەیەدا کە سەرەتا خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، ھەوڵدانی بۆ پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی عێراق لەلایەن گەلی کوردستانەوە بە ”خیانەت“ ناسێندراوە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر ئەوە خیانەت بێت، من شانازیی پێوە دەکەم“.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، کە دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە لە ئەنجامی خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، سەنگەرەکانی ئەو ھێزە داگیرکەرەی بەسەر دەکردەوە، پیرۆزبایی بەبۆنەی ”گەڕانەوەی کەرکووک بۆ باوەشی عێراق“ دەکرد.
ئاڵا تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا، کە بڕیارە لە ١٢/٥/٢٠١٨ ئەنجام بدرێت، خۆی لەسەر لیستی (ھاوپەیمانیی بەغدا)ی عەرەبەکان کاندید کردووە و پێشتریش لە کەناڵێکی عێراقی رایگەیاندبوو، کە تاڵەبانییەکان لە بنەڕەتدا لە ھۆزی بەنی ئەسەدی خوارووی عێراقن و شیعەمەزھەب بوونە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنیوز
