پەرلەمانی عێراق بە بەشداریی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبێتەوە
عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی عێراق، ڕايگەیاند: "فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە شداری لە كۆبوونەوەكەی سبەینێ پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا دەكەن، بایكۆتەكانی ئێمە تەنیا بۆ پرۆژە یاسای بودجە بوو و ئێستا بودجەش تیپەڕیوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە بەشداریكردنمان لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق".
ڕاشی گەیاند: "بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا پڕۆژە یاسای كێشەی زەوی و زار و خانوبەرە (منازعات الملكیە) تاوتوێی بكرێت، بەتایبەت ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ خەڵكی كەركووك و دەوروبەری گرنگە كە كاتی خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا یاسای جۆراوجۆی دەركراوە دەرهەق بە زەوی و زار و خانوبەرە، بە تایبەت زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كورد لەو یاسایە زۆر زیانمەند بوونە و ئێستا پێویستە ئەو یاسایەی بەعس هەڵبوەشێتەوە و ڕەنگە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق دوا كۆبوونەوەی خولی ئەم جارەی پەرلەمان بێت".
باسنيوز
