وەزیری ناوخۆی کوردستان و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراقی عەرەبی لە هەولێر کۆ بوونەوە
رۆژی چوارشەممە 14/3/2018، کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە شاری هەولێر کۆ بوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کەریم شنگالی و قاسم ئەعرەجی تاوتوێی رێکارەکانی کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دەکەن.
رۆژی سێشەممە 13/3/2018، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەر و پلەداری هەردوو فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان. دا و رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 15/3/2018 هەردوو فڕۆکەخانەکە دەکرێنەوە و تێیاندا دەست بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتەوە.
حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەکەدا، کە شنگالی و ئەعرەجیش تێیدا ئامادەبوون، داوای کرد لە رۆژی چوارشەممە 14/3/2018ـەوە دەست بە رێکار و ئامادەکارییەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، بکەن.
هەر لە سێشەممە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاوی کردەوە، کە ئەو ئەفسەرانەی پێشتر سەرپەرشتیی ئاسایشی هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، راژەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.
باسنیوز
