جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك زیادی كردووە

جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك زیادی كردووە


گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك - گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك زیاد بووە.


عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك - گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە 12/3/2018، ڕاگەیاند: "جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری كەركووك زیادی كردووە، تەنانەت كار گەیشتووەتە سەر ئەوەی ئەو تیرۆریستانە زیاتر بە شەوان و بە ئارەزووی خۆیان دێنە سەر رێگای سەرەكی نێوان كەركووك - خورماتوو و ڕێگە لە خەڵك دەگرن".


گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك - گەرمیان، ئەوەشی خستە روو،کە هاوكات داعش لە سنوری حەویجە و زاب و ریاز لە سنووری كەركووك دەستیان بە جموجۆڵ كردووتەوە و ئێستا تیرۆریستانی داعش شەڕی پارتیزانی دەكەن، لەوانەیە توانای ئەوەیان نەبێت ناوچەیەك داگیربكەن، هەرچەندە هەندێك دەنگۆ و پروپاكندە هەن كە گوایە بێن كەركووك و موسڵ داگیربكەن، بەڵام ئەو هەوڵەیان ئێستا بۆ ناچێتە سەر.


كەركووكی گوتیشی: "دەنگۆی داگیركردنی كەركووك لەلایەن داعشەوە پروپاكندەی حكوومەتی عێراق خۆیەتی، بۆ ئەوەی بیكاتە بیانوی تا هێزی زیاتر بۆ كەركووك بێنن".



ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
bas news-
Top