ئازاد تۆفیق: كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌ی خاكه نه‌ك پاره
ئازاد تۆفیق، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كێشه‌ی ئێمه‌ی كورد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كێشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مانه وه‌ك ناسنامه و خاك و گه‌لێكی بنده‌ستی داگیركراوه له 100 ساڵی ڕابردوودا، ئه‌وه‌ی هه‌بوو له پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام حسێن، هیوامان خواست ته‌واوی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراقی نوێ چاره‌سه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد چاوه‌ڕێمان ده‌كرد له سه‌رانی تازه‌ی حكوومه‌تی عێراق واده‌رنه‌چوو بۆیه كێشه‌كان به‌رده‌وامن."
تۆفیق گوتی: "هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستووری عێراقدا چه‌سپێندراوه، بۆیه ده‌بێ ئه‌و هه‌رێمه بودجه و مووچه‌ی له حكوومه‌تی مهركهزییهوه بۆ بێت، هیچ كات نهبهسرێتهوه به سیراحه سیاسییه‌كانه‌وه، وه‌ك ئێستا حكوومه‌تی عێراق، قووتی هاووڵاتییانی كوردستان له ساڵی 2014ـەوە بڕیوه و به سیاسیی كردووه، کە پێشێلی ده‌ستووره و بە هۆیه‌وه قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ئابووری ڕووی له هاووڵاتییانی كوردستان كردووه."
له‌باره‌ی كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، کە ئاخۆ به‌ته‌نیا كێشه‌ی مووچه و بودجه‌یه، ناوبراو ده‌ڵێت: "ئێمه وه‌ك گه‌لی كورد كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كێشه‌ی سه‌لماندنی ناسنامه‌ی كورد و سه‌نگ و تەرازووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه نابێ ئێمه ته‌نیا بیر له مووچه و بودجه بكه‌ینه‌وه و فه‌رامۆشی ناسنامه و خاك و نه‌ته‌وایه‌تیمان پشتگوێ بخه‌ین، ئه‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه له ده‌ستووری عێراقدا چه‌سپێندراوه، داوای جێبه‌جێكردنیان بكه‌ین."
چه‌ند حیزبێكی كورد بۆ مه‌رامی سیاسی، ڕۆژانه كاریان بووه به‌وه‌ی كه له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه پرسی مووچه و پێوه‌ندییان به سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه بڵاو بكه‌نه‌وه، وه‌ك بانگه‌شه، له كاتێكدا ئه‌و پرسانه تایبه‌ته به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئازاد تۆفیق له‌و باره‌یەوه ده‌ڵێت: "ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق هه‌یه، به‌ڵام له‌م لاوه حیزبی سیاسی ده‌ڕوات له‌گه‌ڵ عه‌بادی كۆ ده‌بێته‌وه، باس له‌وه ده‌كات كه هه‌وڵی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمان به‌ران ده‌ده‌ین، به‌ڵام چه‌ندین جار عه‌بادی، خۆی ڕایگه‌یاندووه، كه حیزبی كورد هه‌یه له‌م كوردستانه‌وه ڕۆیشتووه‌ته لای عه‌بادی پێی گوتووه مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان مه‌نێره، بۆیه ئه‌و حیزبانه موقه‌سیرن له ئه‌دائی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییی كورد."
ناوبراو گوتیشی: "له ساڵی 1930 هاووڵاتییانی سلێمانی خۆپێشاندان ده‌كه‌ن، كه كێشه‌یان ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق، له‌و خۆپێشاندانه چه‌ند هاووڵاتییەك شه‌هید ده‌بن، پاشان چه‌ند كه‌سێك به وه‌فدێك ده‌ڕۆن بۆ به‌غدا، هه‌ر ئه‌وكاته ڕۆشنبیران و شه‌قامی سلێمانی، زۆر خراپ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌یان نووسی، ئێستاش تێناگه‌ین كاتێك كێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه چۆن ده‌بێت حیزب بڕوات و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران بكات و هه‌موو كێشه‌ی ڕزگاریخوازیی گه‌لی كوردستان ببه‌ستێته‌وه به مووچه‌وه."
kdp-
