لە هەرێمی کوردستان بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان دەكرێتەوە
عەلی قادر، بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر، ڕاگەیاند: "بەهۆی بارودۆخی ئەمنی چەند ساڵێك لەمەوپێشی عێراق و شەڕی داعش ،ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی ناوچە و شارە جیاوازەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن، كە هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیكە مافی دەنگدانیان هەیە".
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن گوتیشی: "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری داوە كە چەند بنكەیەكی دەنگدان بۆ ئەو ئاوارانە بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەو هاووڵاتییانە دەبێت كارتی دەنگدانیان بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن پێ بێت و هاوكات دەبێت دەنگ بدەنە كاندیدانی سنووری پارێزگاكانیان".
دەربارەی دەنگدانی هاووڵاتیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، عەلی قادر ئاشكرای كرد كە پێویستە ئەوانیش لە ڕێگەی سایتی كۆمسیۆنەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن و زانیاریی ناو تۆمارەكە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن لەسەر كاغەز ببەن بۆ بنكەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن".
بڕیارە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 4/14 دەست پێ بکات و ڕێکەوتی 2018/5/12ش لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت.
باسنیوز
