فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەكات

فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەكات
سەرۆكی لیژنەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە شاری هەولێر گوتی، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابرد، فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە شاری هەولێر دەست پێ دەكات و، 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كە چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێن.

فەرهەنگ غەفوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانە لە شاری هەولێر فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز ساز دەكرێت و، ئەمساڵیش دەیەمین فێستیڤاڵ بە شێوەی كەرنەڤاڵ لە هەولێر ساز دەكرێت، كە لە رۆژی ئازادكردن و رێككەوتننامەی 11ـی ئادارەوە دەست پێ دەكات و لە رۆژی 20ـی ئەم مانگە و لە دوای هەڵكردنی ئاگری نەورۆز، فێستیڤاڵەكە كۆتایی دێت".

وەك غەفوور گوتی: "فێستیڤاڵەكە بە گۆرانی و مووزیك دەست پێ دەكات و ئەمەیش بووەتە نەریتێك لە هەولێر، كە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەر پێی هەڵدەستێت بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر و لقی سەندیكای هونەرمەندان، بۆیە هیوادارین هەموو چین و توێژەكان و خەڵكی بەشەڕەفی شاری هەولێر بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا بكەن و رۆژانە لە بڕگەكاندا لەگەڵمان بن".

لەبارەی جۆری چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكەیش، فەرهەنگ غەفوور ئاماژەی دا: "چالاكییەكان هەر چوار سێكتەری بواری هونەری سینەما، مووزیك، گۆرانی، شانۆ و بواری شێوەكاری دەگرێتەوە، كە ئەمڕۆیش یەكەم رۆژە 57 هونەرمەندی شاری هەولێر پێشانگایەكی فراوانی هاوبەشی شێوەكاری لە هۆڵی میدیا لە گەلەری كوردستان دەكەنەوە، كە پێشانگاكە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت".

سەرۆكی لیژنەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەشڵێ، هەر ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵەكەدا كۆمەڵێك گوتار و گۆرانی و مووزیك لە هۆڵی میدیا پێشكەشی ئامادەبووان دەكرێت.
kdp-
Top