گۆڕان: ماڵی مام جەلال بۆ بەرژەوەندیی خۆیان فوئاد مەعسوومیان کردە سەرۆک کۆمار

 گۆڕان: ماڵی مام جەلال بۆ بەرژەوەندیی خۆیان فوئاد مەعسوومیان کردە سەرۆک کۆمار
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، ھەموو کەس دەیزانی کە فواد مەعسوم، بۆ ئەو پۆستە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام ”ماڵی مام جەلال بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان“، فواد مەعسومیان کردووە بە سەرۆک کۆماری عێراق.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "بەپێی دەستووری عێراق، دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری عێراق سنووردار کراون، بە جۆرێک دەسەڵاتەکانی زیاتر پڕۆتۆکۆڵی و تەشریفاتییە، بەڵام عێراق بۆ خۆی وڵاتێکی تائیفی و مەزھەبییە و بێگومان پێکھاتە شیعەکان زیاتر پابەندن بە مەرجەعییەتەوە، لەو نێواندەشدا پێکھاتەی سوننە خۆیان بە غەدرلێکراو و تێکشکاو دەزانن، دواجار سەرۆک کۆمار لە وڵاتێکی تائیفی دایە، نەک لە وڵاتێکی دیموکراسی، بۆیە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار پڕۆتۆکۆڵییە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”دکتۆر فواد مەعسوم، پیاوێکی لاوازە و گرجوگۆڵ نییە و پیاوێکی فەقیر و بەئەدەبە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوونی کردەوە: "مام جەلال، توانیویەتی بەسەر ھەموو قەیران و تەکەتولاتەکانی عێراقدا زاڵ بێت، بۆیە ھەموو لایەک پابەندی بڕیارەکانی تاڵەبانی بوون، بەڵام بێگومان فواد مەعسوم ئەو سەلیقەی مام جەلالی نەبووە".

بە گوتەی خەلیل سەرکانی، ھەموو کەسێک دەیزانی فواد مەعسووم لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق سەرکەتوو نابێت، چونکە ”لەبری ئەو، کەسی باشتر و کارامەتر ھەیە، بەڵام بەرژەوەندیی سیاسی وای کردووە کە ماڵی مام جەلال، فواد مەعسووم بکەن بە سەرۆک کۆماری عێراق“. دووپاتیشی کردەوە: ”لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی کە فواد مەعسووم کراوە بە سەرۆک کۆماری عێراق، ھیچ شتێکی باشم لێی نەبینیوە".









باسنيوز
Top