ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵی ئیسلامی هەڕەشەی وازهێنان دەکەن

 ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵی ئیسلامی هەڕەشەی وازهێنان دەکەن
ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بەھۆی ”پەراوێزخستن و بەکەم بایەخ سەیرکردنی تێکۆشانیان“، ڕەخنەی توند لە عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەگرن و ھەڕشەی وازھێنانی خۆیان لەو حزبە دەکەن.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، جگە لەو کەسانەی لەگەڵ باڵی نەهزەکان لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان جیابوونەوە و چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵ بە تەواوی لە حزبەکەیان نیگەرانن و هەندێکیان هەڕەشەی وازهێنان دەکەن.



محەمەد شەریف کە یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی ئیسلامی،ڕاگەیاند، ”کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێکە لەو حزبانەی کە ھیچ ڕێزێک بۆ ماندووبونی پێشمەرگە دێرینەکانی خۆی دانانێت، لەکاتێکدا ئێمە ئەو حزبەمان دروستکردووە، بەڵام چەند کەسێک ئێستا بەرھەمی ماندووبونی ئێمە دەخۆن“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2011دا چەندین جار داوایان لە دەزگای پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، مووچەی خانەنشینییان بۆ ببڕنەوە، چونکە ”بە مافێکی شەرعیی خۆمانی دەزانین، بەڵام کۆمەڵ بەپاساوی ئەوەی تەمەنمان شمولی خانەنشینی ناکات، ئێمەی خانەنشین نەکرد“.



هاوکات ئەوەی نەشاردەوە کە دواتر کەسانێک خانەنشین کران، ”نەک قەترەیەک خوێن، بەڵکو قەترەیەک ئارەقەیان بۆ کۆمەڵ نەڕشتووە“. گوتیشی: ”خودی خۆم بۆ پارە کارم بۆ کۆمەڵی ئیسلامی نەکردووە، ئەوەشی کە پێشتر کردوومە، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی کۆمەڵ بەبێ جیاوازی، ھەموویان دوای پارە کەوتوون، بۆیە کۆمەڵ و حزبەکانی دیکە ھیچ جیاوازییەکیان نییە“.



هەر لەمبارەیەوە فارووق کەریم، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵی ئیسلامی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، زیاتر لە 14 ساڵ ”خزمەت“ی بەکۆمەڵی ئیسلامی کردووە، بەڵام ”ئێستا پەشیمانم، چونکە ناعەدالەتییەکی زۆر لەو حزبەدا دەبینم“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کێشەی ئەوان لەگەڵ کۆمەڵ ئەوەیە، ڕێز لە ماندووبونیان ناگیرێت، دەشڵێت: ”داوای خانەنشینبوونمان کردووە، کۆمەڵ بۆی نەکردووین، ئەگەر کۆمەڵ نەیدەتوانی پێشمەرگەکانی خۆی خانەنشین بکات، خۆ پێشتر دەیتوانی لەسەر میلاکی حزب مانگی بڕە مووچەیەکی کەم بدات بە پێشمەرگە دێرینەکان“.



فارووق کەریم ڕوونی کردەوە، تا ئێستا ئەوان وەک پێشمەرگە دێرینەکان لە ھیچ شتێکی کۆمەڵ سوودمەند نەبوون، لەکاتێکدا ”ئەوەی پێشمەرگە دێرینەکان بۆ ئەو حزبەیان کردووە، بە سەد ساڵی دیکە مەکتەب سیاسییەکانی ناتوانن بیکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان ئێمەیان پەراوێز خستووە و ئاوڕمان لێ نادەنەوە“.



ئەو پێشمەرگە دێرینەی کۆمەڵی ئیسلامی، ئاماژەی بەوەش دا، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەولێر و سلێمانی، سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەسەر دەکاتەوە، بەڵام ”ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگەیەکی دێرینی بەسەر نەکردووەتەوە و ئاکاداری ڕەوشی ژیانی پێشمەرگەیەکی دێرینی حزبەکەی نییە، کەچی ئێستا کە بەرەو ھەڵبژاردنەکان دەچین، عەلی باپیر بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن ماڵی پێشمەرگە دێرینەکان بەسەر دەکاتەوە“.





ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو جۆری سەردانە، ”ھیچ سودێکی نییە، چونکە سەردانێکی دۆرینەیە و بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە“.




باسنیوز
Top