27 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵكی سۆران تێدەپەڕێت
ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، ڕووداوێكی گەورە و گرینگ و بێوێنەی مێژوویی بوو، دەستكەوت، گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گەورەی هێنایە ئاراوە، پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵكی كوردستانن.
١٤ی ئازار سەرۆك بارزانی وتارە مێژوویییەكەی لە كۆیە دەخوێنێتەوە، مژدەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەدات، کە خەڵكی خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبەردنی هەرێمدا دەبێت.
لە 10ی ئازاری 1991 جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕواندوز و قەرەهەنجیر و ئاغجەلەر و هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلك و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر و سەرجەم ئەو ناوچانە، ڕاپەڕین و لە چەند سەعاتێكدا ئازادیان كردن، بە جۆرێ کە سەعات 1ی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، سەرەتا كۆڕێ گیرا و پاشان مەسیف ئازاد كرا و لە سەعات 12ی نیوەڕۆیش هەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلك و دۆڵی بیاو و بێخمە ئازاد كران، لە كۆیە لە هەمان ڕۆژدا جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەقتەق پێشڕەوییان كرد و خەڵكی ئەوێیش لەو ڕۆژەدا ڕاپەڕین و ئازادیان كرد، هەر ئەو ڕۆژە ئۆردووگای بەستۆرەش ئازاد كرا.
ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچكەی چۆمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ڕاپەڕینی خەڵكی سۆران دەوروبەریشی گرتەوە، هەرچوار قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و ڕواندزی گرتەوە، كە ئەوكات باڵەكایەتی ئاوەدان نەبوو، بە هۆی ڕاگواستن و تەرحیل و ئەو زوڵم و زۆردارییەی كە ڕژێمی بەعس بەسەر ناوچەكەیدا هێنابوو، ناوچەكە چۆڵ كرابوو، زۆربەی خەڵك ئەوكات لە كۆمەڵگە زۆرەملێیەكان نیشتەجێ ببوون، ڕاپەڕین وەچەرخانێكی گرنگ بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستاندا و، گەلی کورد توانی بەرامبەر بە دڕندەترین دوژمنی سەردەم ڕووبەڕوو ببێتەوە و لە وڵات وەدەری بنێت و ئازادی بۆ وڵات دەستەبەر بكات، بۆیە یادكردنەوەی ئەو ڕۆژە ئەركێكی مێژوویییە لەسەر ملی هەموومان كە بتوانین ئەو ڕۆژە وەبیر نەوەكانی ئێستا بهێنینەوە و بتوانین داهاتوویەكی گەش و پڕشنگدار بۆ میللەتەكەمان دەستەبەر بكەین."
شایانی باسە لە ڕێوڕەسمی ئازادكردنی دەڤەری سۆران لە ڕژێمی بەعس، چەندین چالاكیی هونەری بەڕێوە چوون، هەروەها 27 نەمام لە نەخۆشخانەی لەدایكبوونی سۆران چێنران، وەكو ئاماژەیەك بۆ 27 ساڵەی ئازادكردنی دەڤەری سۆران".
kdp-
